ئامانجەکەی راول لە ریال مەدرید نەهاتەدی و دەیەوێت بڕوات
رووداو دیجیتاڵ
راول گۆنزالێس، ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید و راهێنەری ئێستای تیپی کاستیا مەدرید، بیر لە بەجێهێشتنی تیپەکەی دەکاتەوە و دەیەوێت ئەزموونێکی نوێ تاقیبکاتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، داهاتووی راول گۆنزالێس، لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دیارنییە و ئەگەری هەیە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا راهێنەرە ئیسپانییەکە تیپی کاستیا مەدرید بەجێبهێڵێت.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت "راول ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ کاستیا مەدرید کاردەکات، ئەو ئامانجی ئەوەبوو ببێتە راهێنەری تیپی یەکەمی ریال مەدرید، بەڵام گرێبەستی کارلۆ ئەنچێلۆتی بۆ دوو ساڵی دیکە درێژکراوەتەوە، جگە لەوەش راول بژاردەی یەکەمی یانەی شاهانە نییە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتیی یانەکە لە داهاتوودا وەربگرێت، بەڵکو بژاردەی دووەمی یانەکەیە لە دوای چابی ئەڵۆنسۆ، راهێنەری ئێستای یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی."
راول لەکاتێکدا بیر لە بەجێهێشتنی ریال مەدرید دەکاتەوە، چەند دەستەوارەیەکی لە ئیسپانیا و ئەڵمانیاوە پێشکێشکراوە، کە دوایینیان لەلایەن یانەی ڤیاریالی ئیسپانی بوو.
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە ئەگەری رۆیشتنی راول لە تیپی کاستیا مەدرید، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئەلڤارۆ ئەربێلوا دەبێتە راهێنەری تیپەکە، کە ئێستا لەگەڵ تیپی تازەپێگەیشتووانی ریال مەدریدە و ئەنجام و دەستکەوتی باشی لەگەڵ ئەو تیپە بەدەستهێناوە.
پێشتر یانەی شالکەی ئەڵمانی، کە راول وەک یاریزانی یاریی بۆ کردووە، دەستەوارەیەکی پێشکێشکردبوو بۆ ئەوەی راهێنەرایەتیی یانەکە وەربگرێت، بەڵام راول ئەو دەستەوارەیەی رەتکردەوە.