راستیی پەیوەندیکردنی لیڤەرپوول بە ئەلۆنسۆ
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو دۆخەی یانەی لیڤەرپوول پێیدا تێدەپەڕێت، یانەکە بیر لە دوورخستنەوەی ئارنێ سڵۆت، راهێنەری یانەکە دەکاتەوە و میدیای ئیسپانیاش دەڵێت "ئەلۆنسۆ بژاردەی یەکەمی یانەکەیە لە ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەرەکەیان."
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "یانەی لیڤەرپوول پەیوەندیکردنی بە بەڕێوەبەری کارەکانی ئەلۆنسۆ دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی بزانێت ئەو راهێنەرە ئامادەیە لە کۆتایی وەرزدا یان لە ئەگەری دوورخستنەوەی سڵۆت ببێتە راهێنەری یانەکە."
ئەلۆنسۆ دوای ئەوەی دەستبەرداری راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدرید بوو، بێ یانەیە و هێشتا دیارنییە دەبێتە راهێنەری کام یانە.
بەرپرسانی لیڤەرپوول پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان لەگەڵ ئیناکی ئیبانێز، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەلۆنسۆ ئەنجامداوە و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی ئەوە کراوە کە ئایا ئەلۆنسۆ ئامادەیە لە داهاتوودا ببێتە راهێنەری یانەکە یان نا.
هەرچەند وەڵامی بەڕێوەبەرەکەی ئەلۆنسۆ یەکلاکەرەوە نەبووە، چونکە راهێنەرەکە دەیەوێت بە ئارامی بڕیاربدات، بەڵام ئەوانەی لە ئانفیڵد پەیوەندییان بە بەڕێوەبەرەکەوە کردووە ئەرێنی بوون.
لیڤەرپوول ئەنجامەکانی لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا خراپن، یانەکە 7 یاریی دۆڕاندووە و لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە، ئەمەش هاندەرانی یانەکەی نیگەرانکردووە و بەشێکیان داوای دوورخستنەوەی سڵۆت دەکەن لە راهێنەرایەتیی یانەکە.
رێدز بڕیاری دابوو کات بداتە ئارنێ سڵۆپ بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی باشتر بکات و ئامانجیان پابەندبوونە بەو هەڵوێستە، بەڵام گومانەکان زیاتر گەشە دەکەن لەسەر ئاراستەی تیپەکە، بەتایبەت کە ئەنجامەکانی یانەکە بەرەوپێش نەڕۆیشتوون.