یانەی دۆرتموند بۆ رووداو: هیوادارین ئاشتی بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان

رووداو دیجیتاڵ
دیاری حەسەن، شرۆڤەکاری رووداو سپۆرتس، بە ئیمێڵیک داوای لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند کرد، پشتیوانیی خۆیان بۆ راوەستانی شەڕ لە رۆژئاوای کوردستان بخەنەڕوو و یانەکە وەڵامی دایەوە.
 
دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووری بۆ رۆژئاوای کوردستان و ئەو کارەساتانەی لە شارە کوردییەکانی سووریا ئەنجامدران، هاندەرانی چەند یانەیەکی ئەورووپی، پشتیوانییان بۆ رۆژئاوای کوردستان دەربڕی و لە یاریگە بە ئاڵای کوردستان و درووشمی پشتگیریی وەستاندنی شەڕ پەیامیان بە جیهان گەیاند.
 
دیاری حەسەن، جگە لەوەی شرۆڤەکاری رووداو سپۆرتسە، هاندەرێکی سەرسەختی بۆرووسیا دۆرتموندە و لەلایەن یانەکەوە دانیپێدانراوە و لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵیان، دوو رۆژ لەمەوبەر بە ئیمێڵێک داوای لە بەڕێوەبەرانی کاروباری هاندەرانی بۆرووسیا دۆرتموند کرد، پشتیوانیی خۆیان بۆ رۆژئاوای کوردستان بخەنەڕوو و پەیامی کورد بگەیەننە جیهان.
 
ئەمڕۆ وەڵامی یانەکە گەیشت و رایانگەیاند "خۆشحاڵین بە ئازایەتیی تۆ و هەوڵدان بە گەیاندنی ئەم بابەتە سەختە، تەنانەت کاتێک گرژییەکان زۆر تێکەڵن و ناتوانین بەباشی لێیان تێبگەین، ئێمە وەکو بۆرووسیا دۆرتموند، بەهاکانمان روونن و بەڕوونی دەمانەوێت خەڵک بەیەکەوە ببەستین و دژی رەگەزپەرستی و تووندووتیژیین بە هەرشێوەیەک بن، لەبەر ئەوە زۆر بەئاگادارییەوە سەیری ئەو نامانە دەکەین کە لە هەرێمی رۆژئاڤا لە باکووری سووریاوە دێن"
 
زیادیانکرد و گوتیان "لە دوایین یاریمان بەرامبەر یانەی سانت پاولی لە دەرەوەی یاریگەی خۆمان، هاندەرانمان بانەری پشتگیریی رۆژئاوایان هەڵگرت و لە نزیکەوە لەگەڵ ئەو هاندەرانە لە قسەداین بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە"
 
لەسەر وەستاندنی شەڕیش گوتیان "هیوادارین چیدیکە هاوڵاتییانە سڤیل و بەشێوەیەکی گشتی هیچ کەسێک تووشی نەهامەتی نەبێت و ئاشتی بەزوویی بگەڕێتەوە بۆ خەڵکی رۆژئاڤا"
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بۆرووسیا دۆرتموند چەندین ساڵە بەرزترین ژمارەی ئامادەبوونی هاندەرانی هەیە لە یاریگەکەی لەسەر ئاستی ئەورووپا.