نرخی بلیتی یاریی دهۆک و زەورا گۆڕانکاری بەسەردادێت

رووداو دیجیتال 

 

بەرپرسی فرۆشتنی بلیتەکانی یاریگەی یانەی دهۆک بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند کە  یاریی یانەکەیان بەرامبەر یانەی زەورا بە یارییەکی گەورە هەژمار دەکرێت، بۆیە مافی ئەوەیان پێدراوە کە گۆڕانکاری لە نرخی بلیتەکانی یارییەکەدا بکەن. ئەو گوتی "هەندێک لە بلیتەکان نرخیان زیاد دەکەین، هەندێکیشیان نرخەکەیان وەک خۆی دەمێنێتەوە".
 
رۆژی چوارشەممە یانەی دهۆک لە گەڕی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا میوانداریی یانەی زەورا دەکات و وابڕیارە گۆڕانکاری لە نرخی بلیتەکانی یارییەکەدا بکرێت.
 
بەرپرسی فرۆشتنی بلیتەکان یانەی دهۆک لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "بەپێی رێککەوتن لە وەرزێکدا لە حەوت یاریی بەهێزدا بۆمان هەیە دەستکاریی لە نرخی بلیتەکاندا بکەین و بێگومان یاریی بەرامبەر زەورا یەکێکە لە یارییە گەورە و بەهێزەکان". 
 
شەوکەت محەممەد، بەرپرسی فرۆشتنی بلیتەکانی یاریگای دهۆک بۆ رووداو سپۆرتس روونیکردەوە " =بۆ ئەم یارییە بڕیارمان داوە نرخی بلیتەکان دەستکاریی بکەین، شوێنی VIP لە 25 هەزارەوە دەبێتە 50 هەزار، دوو دەرگا سلڤەرەکە لە پێنج هەزارەوە دەبێتە 10 هەزار دینار، لە دەرگای دوو هەتاوەکو دەرگای نۆیەم کە پێشتر دوو هەزار بوو، هەردوو هەزار دینار دەمێنێتەوە". 
 
بەرپرسی فرۆشتنی بلیتەکانی یاریگەی دهۆک زیاتر گوتی "بەئەگەری زۆر بلیتەکان ئەمڕۆ یاخود بەیانی بەردەست دەبێت، بەڵام هەموو یارییەک وانابێت و تەنیا لە حەوت یاریی بەهێزی خولەکە وای لێدێت و گۆڕانکاریی لە نرخی بلیتەکان دەکرێت". 
 
یانەی دهۆک، یەکێکە لە پڕ جەماوەریترین تیپە کوردستانییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە گەڕی نوێی خولەکەدا رووبەڕووی یانەی زەورا دەبێتەوە.