وردەکاریی زریانەکەی نێو یاریگەی نەورۆز
رووداو دیجیتال
بڕیارە لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی یانەی نەورۆز و گەرمە لە گەڕی پازدەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هاندەرانی یانەی نەورۆز گەورەترین کەرنەڤاڵ بۆ پاڵپشتی لە رۆژئاڤای کوردستان ساز بکەن.
چەند رۆژێکە دەستەی هاندەران و ئاڵتراسی یانەی نەورۆز سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ ئەو کەرنەڤاڵە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 6300 ئاڵای کوردستان کۆکراوەتەوە و رێژەکە لە بەرزبووەنەوەدایە.
نێچیروان رەفیق، سەرۆکی ئاڵتراسی یانەی نەورۆز، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس گوتی "ئێمە هەموو کات وەک پێشمەرگە بە دڵ و گیان لەگەڵ برایان و خوشکمان دەبین لە رۆژئاڤای کوردستان، رۆژی سێشەممە هەموو دنیا بە کەرنەڤاڵەکەمان شۆک دەکەین و دەبێت هیچ کوچەیەکی یاریگە نەمێنێت ئاڵای گەورەی تێدا نەبێت، تەنانەت هەموو هاندەرێک کە دێتە یاریگە ئاڵایەک لەسەر کورسییەکەی دەبێت و دەبێت بەردەوام بیشەکێنێتەوە".
جیا لە رازاندنەوەی یاریگەکە بە ئاڵای کوردستان لەلایەن هاندەرانیان، یانەی نەورۆز بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا ئەو پارەیەی کە لە فرۆشتنی بلیتەکانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی گەرمە پێشکەشی رۆژئاڤای کوردستانی دەکەن.
بەرپرسی ئاڵتراسی یانەی نەورۆز زیاتر روونیکردەوە "جیا لە کەرنەڤاڵی بەرزکردنەوەی ئاڵاکان، تیفۆیەک کە پانیەکەی پێنج مەترە و بەرزییەکەی بیست مەترە نمایش دەکەین کە هێمایە لە کەزی خوشکانمان لە رۆژئاوای کوردستان".
جیا لەو چالاکیانە یانەی نەورۆز ژمارەیەک منداڵ کە لەنێویاندا کچ هەن دەستی یاریزانەکان دەگرن و دێنە نێو یاریگە، ئەو کچانە قژیان کەزی کراوە.
دەستەی هاندەران و ئاڵتراسی یانەی نەورۆز لەدوای ئەو کەرنەڤاڵە لەنێو یاریگەدا پلانیان داناوە بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری لە شەقامی سالم لە سلێمانی ساز دەکەن.