سێرجیۆ رامۆس یانەیەکی نێوداری ئیسپانیا دەکڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سێرجیۆ رامۆس، ئەستێرەی نێوداری تۆپی پێی ئیسپانیا، نزیکە لە کڕینەوەی یانەی سێڤییا و هەنگاوی زۆریشی بۆ کڕینەوەی یانەکە بڕیووە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، سێرجیۆ رامۆس بە هاوکاریی گرووپی (Five Eleven Capital)ـی تایبەت بە وەبەرهێنان دەیەوێت ئەو یانەیە بکڕێتەوە بۆ ئەوەی یانەکە لەو دۆخە خراپە رزگاربکات کە لە رووی کارگێڕییەوە پێیدا تێدەپەڕێت.
رامۆس تەمەنی 39 ساڵە، هێشتا لە یارییکردن بەردەوامە، بەڵام گرێبەستەکەی لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ یانەی مۆنتێری مەکسیکی هەڵوەشاندەوە و ئێستا بێ یانەیە، سێرجیۆ دەیەوێت ببێتە خاوەنی یانەی سێڤییا و بەشێوەی سەرەتایی لەگەڵ گرووپە ئەمریکییەکە گەیشتووەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی یانەکە بکڕنەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئەو دەستەوارەیەی رامۆس و گرووپەکە بۆ کڕینەوەی یانەکە پێشکێشیدەکەن دەگاتە 400 ملیۆن یۆرۆ.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە بۆ کڕینەوەی یانەکە لەگەڵ گرووپی (Five Eleven Capital)ـی ئەمریکی دەبنە هاوبەش و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن زۆرترین پشکی یانەکە بکڕنەوە، بۆ ئەوەش سەرەتا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی دارایی یانەکە دەکەن، بەتایبەتیش ئەو قەرزارانەی لەسەر یانەکەن.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە پێشتر یاریزانی یانەی سێڤییا بوو و سەرەتای دەرکەوتنی لەو یانەیە بوو، ساڵی 2005 چووە یانەی ریال مەدرید، بەڵام 2023-2024 جارێکی بەدرێسی ئەو یانەیەوە یارییکرد و ئێستاش دەیەوێت ببێتە خاوەنی یانەکە.