ئینفانتینۆ: مۆندیالی بەرازیل جوانترین و مێژووییترین مۆندیالی خانمان دەبێت



رووداو دیجیتاڵ

گەشتی مۆندیالی خانمانی 2027 بە شێوەیەکی فەرمی لە شاری ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل دەستیپێکرد. لە رێوڕەسمێکی گەورەدا لە کەناراوەکانی کۆپاکابانا، لۆگۆ و ناسنامەی نوێی پاڵەوانێتییەکە ئاشکراکران. ئەم مۆندیالە دەبێتە یەکەمین مۆندیالی خانمان لە مێژوودا لەسەر خاکی ئەمریکای باشوور بەڕێوەبچێت، دروشمی 'بەرەو ئەفسانەیی بوون' بۆ پاڵەوانێتییەکە دیاریکراوە.
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، دەربارەی ئەم هەنگاوە گوتی "مۆندیالی 2027 لە بەرازیل، ئەو پاڵەوانێتییەیە تەواوی جیهان چاوەڕێی دەکەن. هەمووان دەیانەوێت بێنە بەرازیل بۆ ئەوەی ئاهەنگی تۆپی پێ لە گەورەترین وڵاتی ئەم وەرزشە بگێڕن. دڵنیام ئەمە دەبێتە جوانترین و ناوازەترین مۆندیال لە مێژوودا".
 
ئینفانتینۆ دوێنێ ئاماژەی بەوەکرد کە تەنیا 515 رۆژ بۆ دەستپێکردنی ئەو رووداوە ماوە و شارەکانی ریۆ دی جانێرۆ، بێلۆ هۆریزۆنتی، فۆرتالێزا، رێسیڤی، ساوپاولۆ، سالڤادۆر، پۆرتۆ ئەلێگری و بەرازیلیا ئامادەن بۆ پێشوازیکردن لە هەڵبژاردەکان. 
 
سەرۆکی فیفا دووپاتیکردەوە "ئەمە یەکەمجارە مۆندیالی خانمان لە ئەمریکای باشوور و لە وڵاتی تۆپی پێ ئەنجامدەدرێت، ئەمە بەرەوپێشچوونێکی بێ وێنەیە".
 
لە رێوڕەسمەکەدا رۆناڵدۆی دیاردە، ئەستێرەی ناوداری پێشووی بەرازیل و براوەی سێ خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان لەلایەن فیفاوە ئامادەبوو، بوونی ئەو ئەستێرەیە رەنگدانەوەی گرنگی پاڵەوانێتییەکە بوو بۆ بەرازیلی میوانداریکەر.