یانەی هەولێر بە تووندی سزا درا

رووداو دیجیتاڵ 

لیژنەی رێککاری لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق سزای تووندی بەسەر یانەی هەولێردا سەپاند، ئەمەش بەبیانووی ئەو ئاژاوەگێڕییەی هاندەرانی یانەکە لە کاتی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی تەڵەبە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ئەنجامیاندا، کە لە یاریگەی فڕانسۆ هەریری بەڕێوەچوو و بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندی تەڵەبە کۆتایی هات.
 
لیژنەکە لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتدا کە سزاکەی سەر هەولێری راگەیاندووە دەڵێ "رووداوە توندوتیژییەکان دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە یانەی تەڵەبە لە کاتی زیادکراودا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد. 
هاندەرانی یانەی هەولێر شووشەی بەتاڵ، قووتووی پڕ لە خواردنەوە گازییەکان، بوتڵی ئاو، دار و مەشخەڵی دووکەڵیان گرتووەتە ناوبژیوانان و یاریزانان، هەروەها دوای فیکەی کۆتایی، هاندەرێک چووەتە نێو یاریگا و هەوڵی هێرشکردنە سەر تیمی ناوبژیوانی داوە پێش ئەوەی لەلایەن هێزی ئاسایشەوە رێگری لێبکرێت".
 
لیژنەکە هەروەها دەڵێ "ناوبژیوانان ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە ناچار بوون لەژێر قەڵخانی پارێزەری هێزەکانی پاراستنی یاریگە بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی بەر ئەو شتانە نەکەون کە تێیان دەگیرا، هەروەها راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە چەندین کورسی یاریگاکە هەڵکێشراون و لە کاتی چوونە دەرەوەی ناوبژیوانان و یاریزانانی تەڵەبە، تێیان گیراوە".
 
لیژنەی رێککاری یەکێتیی تۆپی پێی عێراق هەروەها دەڵێ، "دوای پێداچوونەوە بە راپۆرتی ناوبژیوانان، رێکخەری ئاسایش و بەڵگە ڤیدیۆییەکان، لیژنەکە بڕیاری دا کە رەفتارەکانی هاندەرانی هەولێر وەک هێرشکردنە سەر تیمی ناوبژیوان و یاریزانانی تیپی بەرامبەر هەژمار دەکرێت، ئەمەش پێشێلکارییەکی توندی رەوشتی وەرزشی و یاساکانی رێککارییە.
 
لەسەر ئەم بنەمایە، لیژنەکە بڕیاریدا بە
1- بێبەشکردنی هاندەرانی هەولێر لە ئامادەبوون لە دوو یاریی تیپەکەیان لە یاریگای خۆیان، بەپێی ماددەی (49-1-2-ب) لە پەیڕەوی رێککاری و رەوشت.
2- پێبژاردنی یانەی هەولێر بە بڕی 25 ملیۆن دیناری عێراقی، بەپێی ماددەی (49-1-ا).
 
لە کۆتایی بڵاوکراوەی لیژنەکە دەڵێ " هۆشدارییەکی فەرمی ئاراستەی رێکخەری ئاسایش کراوە و رێنمایی دا کە رێکارەکانی پشکنین تووندتر بکرێن بۆ رێگریکردن لە بردنی هەر شتێکی قەدەخە بۆ نێو یاریگە، رایگەیاند کە هەر کەمتەرخەمییەک لە داهاتوودا دەبێتە هۆی سزای توندتر".