ئەمشەو بارسێلۆنا لە پێناو کۆتاییهێنان بە رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە یاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای یەکسانبوونەکەی ریال مەدرید لە دێربیی مەدریددا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ، ئێستا کاتی ئەوەیە یانەی بارسێلۆنا بۆ هەمووانی بسەلمێنێت کە لالیگای ئەمساڵی لەدەستدەرناچێت و دوای چەند ساڵێک لە دابڕان، بەیەکدی شاددەبنەوە.
دوای ئەوەی لە سەرجەم پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان کرایە دەرەوە، کە دوایینیان یۆرۆپالیگ بوو لە پێنجشەممەی رابردوو، چاڤی تیپەکەی هەموو فۆکوسیان لەسەر نازناوی لالیگا داناوە، دەیانەوێ لە رێگەی زیادکردنی جیاوازیی خاڵەکانیان لەگەڵ ریال مەدریدی دووەم، بە ئاسوودەیی بەرەو کلاسیکۆی جامی شا بچن کە لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دەکرێت.
بارسا ئەمشەو کاژێر 20:30 لەسەر یاریگەی یارییە وەرزشییەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست کە پێشی دەڵێن پاوەر هۆرس ستادیۆم، بەرامبەر یانەی ئالمێریا یاری دەکات.
ئەگەر بارسێلۆنا ئەم یارییە بباتەوە، ئەوا بەفەرمی جیاوازیی خاڵەکان لەگەڵ ریال مەدرید دەبێتە 10 خاڵ، ئەمە لە کاتێکدا یارییەکە لە گەڕی 23ـی خولەکەدا دەکرێت و تەنیا 16 یاری ماوە لالیگا تەواوبێت.
بۆ یارییەکەی ئەمشەو، ئانسۆ فاتی بەفەرمی دادەبڕێت، دوای ئەوەی تووشی پێکان بووە لە ئەژنۆیدا، بەڵام گاڤی گەڕاوەتەوە پێکهاتەکە دوای ئەوەی لە پێنجشەممەی رابردوو بەهۆی راگیرانەوە یاری نەکرد.
عوسمان دێمبێلی و پێدری دوو دیارترین ئەو یاریزانانە کە لە یارییەکەی ئەمشەودا ئامادەییان نابێت.
بارسێلۆنا پلەی یەکەمی خولەکەی بەدەستەوەیە بە کۆکردنەوەی 59 خاڵ، یانەی ئالمێریاش بە 22 خاڵ لە پلەی 18ـی ریزبەندییە.
ئالمێریا لە 13 یاریی رابردوویدا دژی بارسێلۆنا هیچ بردنەوەیەکی نییە، 11 دۆڕان و دوو یەکسانبوونی تۆمارکردووە، بەرێژەیی لانیکەم لە هەر یارییەکدا سێ گۆڵی لێکراوە.