زاخۆ لە شەوێکی باراناویدا لە غەرافی بردەوە و ئەمجەد عەتوان گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن زاخۆ غەراف
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ لە گەڕی 20ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا و بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە یانەی غەرافی بردەوە، ئەمجەد عەتوانیش گۆڵێکی مێژوویی تۆمارکرد
 
لە چوارچێوەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ و لەبەردەم هەزاران هاندەر، میوانداری یانەی غەرافی کرد. سەرەڕای نزمبوونەوەی پلەی گەرما بۆ 13 پلەی سەدی و بارینی بارانێکی زۆر، یاریگەکە پڕ ببوو لەو هاندەرە دڵسۆزانەی بۆ پشتگیری کوڕانی دەلال هاتبوون و هەمووان بەیەکەوە هانی یانەکەیان دەدا.
 
گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامێکی سپی و بێ گۆڵ کۆتایی هات، هەرچەندە زاخۆ هەوڵی زۆری دەدا بۆ هەژاندنی تۆڕی گۆڵی میوانەکەی، بەڵام بەرگری غەراف خۆڕاگر بوو.
 
لە گێمی دووەمدا یاریزانانی ئەیوب ئۆدیشؤ بە پلانێکی هێرشبەرانەتر هاتنە ناو یاریگە. لە خولەکی 54 ئیدیلسمۆن بۆربا دی ئاکینۆ ناسراو بە ئۆرینیۆ، بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و هاندەرانی یاریگەی گەرمکرد. ئەم گۆڵە ورەی یاریزانانی زاخۆی بەرزکردەوە و گوشاری زیاتریان خستە سەر رکابەرەکەیان.
 
کاتێک یارییەکە گەیشتە خولەکی 75، هاندەران بینەری دیمەنێکی دەگمەن بوون. ئەمجەد عەتوان ئەستێرەی یانەی زاخۆ بە دەبڵ کیکێکی بێوێنە، گۆڵی دووەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد. ئەم گۆڵە سێ خاڵی یارییەکەی بۆ زاخۆ مسۆگەر کرد،
 
یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندی زاخۆ کۆتایی هات. زاخۆ بەم سەرکەوتنە گرنگە پێگەی خۆی لە ریزبەندی خولەکەدا بەهێزتر کرد و ئێستا لە پلەی پێنجەمی ریزبەندیی خولەکەیە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە