رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، یانەی زاخۆ لە یەکەم یاریی ئەم قۆناخەدا میوانداریی ئەسپی رەشی ئەم وەرزەی خولەکە دەکات.
ئەمشەو کاژێر 21:30 لە دەستپێکی قۆناخی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە رکابەرییەکانی گەڕی 20، یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی یانەی غەراف دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
زاخۆ دوای سێ بردنەوەی لەسەریەک لەژێر سەرپەرشتی ئەیوب ئۆدیشۆ، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت، بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەو سعودیە بەڕێبکەوێت، بۆ ئەنجامدانی یاریی چوونی قۆنایخ پێشکۆتایی جامی کەنداو بەرامبەر یانەی شەباب.
لە یارییەکەی ئەمشەودا، زاخۆییەکان لە تواناکانی چەند یاریزانێکیان بێبەش دەبن، محەممەد عەلی عەبود، حەمید عەلی، مەهدی کامل، عیماد عیسا، حەسەن رائد ناتوانن هاوکاریی تیپەکەی ئۆدیشۆ بکەن، محەممەد سۆلا پێکانەکەی قورس نییە و بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا کردووە، بڕیاری یارییکردنی لای راهێنەر دەمێنێتەوە.
ئالیو ئادەم، گەڕاوەتەوە نێو تیپەکە و بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەگەڕێتەوە نێو یاریگە بۆ سەرکردایەتیی هێڵی ناوەڕاستی یانەکە.
غەراف لە یاریی رابردوودا لە یارییەکی دراماتیکی لە دهۆکی بردەوە، هاتووەتە زاخۆ و دەیەوێت بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
ئەیۆب ئۆدیشۆ، راهێنەری یانەی زاخۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە یانەی غەرافی بە ئەسپی رەشی خولەکە ناوبرد، بەهۆی ئەو ئەنجامانەی بەدەستیهێناون، لەکاتێکدا یانەکە 8 یاریی بردووەتەوە، 5 جار یەکسانبووە، 6 یاریی دۆڕاندووە و بە کۆکردنەوەی 29 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ