سوپرایزێکی گەورە.. کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێت جارێکی دیکە لە چامپیۆنزلیگ یاری بکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و ئەفسانەی تۆپی پێ، لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی بەردەوامە لە نووسینەوەی مێژوو و درەوشانەوە، بەڵام هەواڵە نوێیەکان باس لە ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو دەکەن کە هەموو جیهان تووشی شۆک دەکات. وادیارە مووشەکەکەی مادێرا بیری کیشوەرە پیرەکە و چامپیۆنزلیگ دەکات.
 
ئامارەکان دەدوێن.. بەرەو گۆڵی 1000
 
دۆن لە دوایین دەرکەوتنیدا سەرکردایەتی نەسڕی کرد بۆ بردنەوەیەکی گەورە بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر، بەمەش یانەکەی گەڕایەوە پێشەنگی خولی رۆشنی سعودی. رۆناڵدۆ ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولەکەدا گەیاندە 21 گۆڵ و هەنگاوێکی دیکە لە خەونە گەورەکەی نزیک بووەوە، کە ئەویش گەیشتنە بە گۆڵی ژمارە 1000 لە کاروانی وەرزشیدا. ئێستا رۆناڵدۆ خاوەنی 965 گۆڵی فەرمییە و تەنیا 35 هەنگاو لەو دەستکەوتە مێژووییە دوورە.
 
بیری چامپیۆنزلیگ دەکات؟
 
سەرەڕای ئەو ئارامییەی لە سعودیە هەیەتی، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن کە رۆناڵدۆ هێشتا تینووی یاریکردنە لە بەرزترین ئاستی جیهانیدا. دەگوترێت ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەیەوێت وەرزی داهاتوو بگەڕێتەوە ئەورووپا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە خولی یانەپاڵەوانەکانی ئەورووپا دەربکەوێتەوە.
 
ئەم دەنگۆیانە لەکاتێکدان کە گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ تاوەکو هاوینی 2027 بەردەوامە، بەڵام باس لە هەبوونی هەندێک قەیران و ناکۆکی دەکرێت کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی کریستیانۆ زووتر ماڵئاوایی لە خولی سعودی بکات.
 
پاشای بێ رکابەری چامپیۆنزلیگ
 
بۆچی رۆناڵدۆ دەیەوێت بگەڕێتەوە؟ چونکە ئەو پاشای ئەم پاڵەوانێتییەیە. رۆناڵدۆ گۆڵکاری مێژوویی چامپیۆنزلیگە بەتۆمارکردنی 141گۆڵ، خاوەنی زۆرترین ئەسیستە بە 42 تێپەڕاندن، و زۆرترین یاریشی لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا ئەنجامداوە کە 187 یارییە.
 
ئەو یاریزانەی 5 جار نازناوی چامپیۆنزلیگی بەرزکردووەتەوە (4 جار لەگەڵ ریال مەدرید و یەکجار لەگەڵ مانچێستەر یونایتد)، وەک بڵێی هێشتا تێر نەبووە لەو مۆزیکە تایبەتەی کە پێش دەستپێکی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکان لێدەدرێت. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە: کام یانەی ئەورووپی ئامادەیە جارێکی دیکە دەرگا بۆ  دۆن بکاتەوە؟!.