یوڤێنتوس، ئەو خانمە پیرەی گاڵاتەسەرای نەیهێشت گەنج ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی یوڤێنتوس ماڵئاوایی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کرد، دوای ئەوەی لە یارییەکی دراماتیکدا بەرامبەر گاڵاتەسەرای تورکی بردنەوەی تۆمارکرد، بەڵام بردنەوەکەی بەشی سەرکەوتنی نەکرد.
لە یاریی گەڕانەوەی پاشکۆی چامپیۆنزلیگدا، هەردوو یانە لە تۆرین رووبەڕووی یەکبوونەوە، یوڤێنتوس لە یاریی چووندا بە ئاستێکی خراپەوە دەرکەوت و بە 2-5 یارییەکەی بەرامبەر گاڵاتەسەرای دۆڕاندبوو، بۆیە پێویستبوو بە جیاوازیی سێ گۆڵ یارییەکە بباتەوە، بۆ ئەوەی هەلی رکابەریکردنی لەسەر گەیشتن بە قۆناخی شازدەی بمێنێت.
لە خولەکی 37 مانوێل لۆکاتێلی بەلێدانی سزا گۆڵێکی بۆ یانە ئیتاڵییەکە تۆمارکرد، یوڤێنتوس پێشکەوت و ئەو گۆڵە هیوای زۆری گەڕاندەوە نێو یاریگەی ئالیانز، بەڵام کارتێکی سوور بەڕووی لۆید کێلی، یاریزانی یانەکە بەرزکرایەوە و ئەو دۆخەکەی ئاڵۆز کرد، ئیدی هەمووان چاوەڕێ بوون یوڤێ بکەوێتە دۆخێکی سەختەوە.
پێچەوانەی ئەوە بیانکۆنێری بە 10 یاریزانەوە یارییەکی زۆرباشی ئەنجامدا، لە خولەکی 70 فێدریکۆ گاتی، تیپەکەی خستە نێو ورەیەکی زۆر بەرزەوە و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، ئیدی لە یاریگەدا ئاهەنگی ئیتاڵییەکان بە ئامانجی هاندانی تیپەکەیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم دەستیپێکرد.
خولەکی 82 ویستن مەکینی گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، ئەو گۆڵە هەمووانی لە گاڵاتەسەرای شۆککرد و یوڤێنتوس گەڕایەوە نێو رکابەرییەکە، کاتی ئاسایی یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بۆ یوڤێ تەواو بوو، بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە هەردوو تیپ بوونە خاوەنی 5 گۆڵ، بەمەش یارییەکە چووە کاتی زیادکراو.
بەر لە تەواوبوونی کاتی ئاسایی بە چەند خولەکێکی کەم، ئۆکان بوروک، راهێنەری گاڵاتەسەرای دوو گۆڕانکاریی ئەنجامدا و سوودی لە ماندوویەتی و کەمی ژمارەی یاریزانەکانی تیپی رکابەر وەرگرت.
لە خولەکی دووەمی کاتی زیادکراوی یەکەمدا، ڤیکتۆر ئۆسیمێن گۆڵێکی بۆ گاڵاتەسەرای تۆمارکرد و یانەکەی بە ئەنجامی گشتی پێشخستەوە، لە خولەکی 119 بارش یەڵماز بۆ جاری دووەم تۆڕی یوڤێنتوسی هەژاند، گاڵاتەسەرای بووە خاوەنی دوو گۆڵ، بەمشێوەیە یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی یوڤێنتوس تەواو بوو، بەڵام بە ئەنجامی گشتی هەردوو یارییەکە بە 7-5 گاڵاتەسەرای خۆی گەیاندە قۆناخی شازدە و یوڤێنتوس لە چامپیۆنزلیگدا کرایە دەرەوە.
یوڤێ بە خانمە پیرەکە ناسراوە، تاوەکو خولەکی 90 هەوڵیدەدا بە گەنجی خۆی پێشانبدات، بەڵام گاڵاتەسەرای نەیهێشت خەونەکەی ببێتە راستی.
لە دوای ساڵی 2019ـەوە یوڤێنتوس نەگەیشتووەتە قۆناخی شازی چامپیۆنزلیگ
وەرزی 2019/2020 بەرامبەر لیۆن لە قۆناخی شازدە کرایە دەرەوە
لە وەرزی 2020/2021 لە قۆناخی شازدە بەرامبەر پۆرتۆ کرایە دەرەوە
لە وەرزی 2021/2022 لە قۆناخی شازدە بەرامبەر ڤیاڕیال کرایە دەرەوە
لە وەرزی 2022/2023 لە قۆناخی کۆمەڵەکان چووە دەرەوە
لە وەرزی 2023/2024 بەشداریی لە هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەورووپی نەکرد
لە وەرزی 2024/2025 بەرامبەر ئایندهۆڤن لە قۆناخی پاشکۆ کرایە دەرەوە
2025/2026 بەرامبەر گاڵاتەسەرای لە قۆناخی پاشکۆ کرایە دەرەوە