کریستیانۆ رۆناڵدۆ 25 لەسەدی پشکەکانی یانەی ئەلمێریای ئیسپانی کڕییەوە
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالیی، کڕینەوەی 25 لەسەدی پشکەکانی یانەی ئەلمێریای ئیسپانی راگەیاند، دەڵێ دەمەوێت بەشداربم لە گەشەکردنی یانەکەدا.
یانەی ئەلمێریا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ بووەتە خاوەنی چارەکێک لە پشکەکانی یانەکە کە لە سەدا بیست و پێنجە، ئەوەش لە رێگەی کڕینەوەی ئەو پشکانەی یانەکە لەلایەن کۆمپانیای "CR7 Sports" کە هێرشبەرەکەی نەسڕی سعودی خاوەندارێتی دەکات.
ئەلمێریا لە بڵاوکراوەکەیدا دەڵێ، "کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ پشکی ٢٥٪ی یانەی UD Almeríaی لە ڕێگەی کۆمپانیای وەبەرهێنانی CR7 Sports کە لقێکی کۆمپانیای .CR7 S.Aیە بەدەستهێنا، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە فراوانکردنی بەردەوامی یانەکە و پۆرتفۆلیۆی وەبەرهێنانی بازرگانە پۆرتوگالییەکە".
هەروەها دەڵێ، "ئەم ڕێککەوتنە بەشێکە لە فراوانکردنی نێودەوڵەتی یانەکە کە لەلایەن سەرۆک محەممەد ئەلخەریجی کە لە رێگەی گرووپی بازرگانی SMCەوە بەڕێوەدەبرێت".
محەممەد ئەلخەریجی، سەرۆکی یانەی ئەلمێریا، دڵخۆشیی خۆی بە وەبەرهێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەکەدا دەربڕیوە و دەڵێ، "زۆر دڵخۆشین کە کریستیانۆ بڕیاری داوە وەبەرهێنان لە یانەکەماندا بکات. ئەو بە گەورەترین یاریزانی مێژوو دادەنرێت، ئەو شارەزاییەکی زۆری لە تۆپی پێی ئیسپانیا هەیە و تێدەگات لەو توانایانەی کە ئێمە لێرە دروستی دەکەین، چ لە رووی تیپەکە و چ لە رووی ئەکادیمیاکەوە".
لای خۆیەوە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ، "ئەوە ئاواتێکی لەمێژینەی من بووە کە لە دەرەوەی یاریگاش پشکم هەبێت لە گەشەپێدانی تۆپی پێدا. ئەلمێریا یانەیەکی ئیسپانییە کە خاوەن بنەمایەکی بەهێز و توانایەکی روونی گەشەکردنە. من بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کارکردنم لەگەڵ تیمی سەرکردایەتی یانەکە بۆ پشتگیریکردنی قۆناخی داهاتووی گەشەکردنیان".
پێشتر وەک میدیای سعودیە ئاشکرایانکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەپێی گرێبەستی نوێی لەگەڵ یانەکە، خاوەندارێتیی 25 لەسەدی یانەی نەسڕیش دەکات کە یەکێکە لە یانە بەهێزەکانی خولی سعودیە و ئێستا رۆناڵدۆ یاریی بۆ دەکات.