پەیامێکی گرنگی ئێمباپێ بۆ هەمووان

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئامادەیی خۆی بۆ یاریی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیلی راگەیاند و هەموو ئەو دەنگۆیانە بە درۆ دەخاتەوە کە باس لە پشکنینی هەڵە بۆ ئەژنۆی یاریزانەکە دەکەن.
 
بەر لە یاریی دۆستانەی ئەمشەویان بەرامبەر هەڵبژاردەی بەرازیل، کیلیان ئێمباپێ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "من ئامادەم بۆ ئەوەی بەشێوەی سەرەکی بەرامبەر بەرازیل یاریی بکەم."
 
ئێمباپێ لە کۆنگرەکەدا گوتی " من هەرگیز ئەو یاریزانە یان ئەو پیاوە نەبووم کە لە شتێک پەشیمان بم. تەنیا شتێک کە دەیبینم ئەوەیە کە لەبەردەممدایە، ئەویش ئێستا و داهاتووی نزیکە. دڵخۆشم کە دەتوانم دووبارە هەست بە باشی بکەمەوە، هەست بە باشی بکەم لە هەردوو ئەژنۆمدا و بتوانم دووبارە لەناو یاریگەدا چێژ وەربگرم، پێشموایە بە جۆرێک لە جۆرەکان قەرزاری یانەکەشمم. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە لێرەم و دەتوانم ئامادە و تەندروست بم."
 
دوای ئەوە کیلیان هاتە سەر بابەتە هەستیارەکە و لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەدا کە باس لەوە دەکەن پشکنینی پێکانەکەی بە هەڵە کراوە گوتی "نەخێر، ئەو زانیارییەی کە دەڵێت ئەژنۆیەکی هەڵەیان پشکنیوە راست نییە. وەکو گوتم، رەنگە من بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسیار بم لەم بارودۆخە، چونکە کاتێک دەربارەی ئەوەی هەته‌ و ئەوەی روودەدات قسە ناکەیت، دەرگا بۆ لێکدانەوە جیاوازەکان واڵا دەکەیت و هەمووان پەلە دەکەن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان. دەزانم کاتێک قسە دەکەم یان بێدەنگ دەبم دەچمه‌ ناو چییەوە. ئێستا، لەگەڵ ریال مەدرید، هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر روونمان هەبووە، چ کاتێک کە لە مەدرید دەستم بە راهێنانەوە کرد، یان کاتێک لە پاریس بووم و پزیشکێک و چارەسەرکارێکی سروشتی و راهێنەری جەستەیی یانەکە لەگەڵم بوون و لەوێ کارمان دەکرد، بۆیە هیچ کێشەیەک لەوەدا نییە."
 
ئێمباپێ باس لە رووبەڕووبوونەوەی بەرازیل دەکات و دەڵێت "بۆ ئێمە گرنگە، هەمیشە یارییکردن بەرامبەر باشترین وڵاتانی جیهان چێژبەخشە. من هەمیشە دەڵێم کە بەرازیل گەورەترین وڵاتە لە تۆپی پێدا. پێنج ئەستێرەیان لەسەر درێسەکانیانە و ئەوە خۆی هەموو شتێک دەسەلمێنێت. یارییکردن بۆ ئێمە خۆش دەبێت کە ئەم ئاستە لە کوالێتی لە ناو یاریگادا هەبێت. زۆر لە باشترین یاریزانانی جیهان لە ناو یاریگادا دەبن. هەروەها بۆ هەموو کەسێک لە ئەمریکا چێژبەخشە کە بەر لە مۆندیالی سەیری ئەم یارییە بکات. ئەمە یەکەم وێنای ئەوەتان پێ دەدات کە لەم هاوینەدا چی دەکەین. هیوادارین بتوانین باشترین نمایش پێشکەشی هاندەران، هەموو کەسێک لە یاریگا و هەموو کەسێک لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆنەکان بکەین، چونکە دەزانم زۆر کەس سەیری یارییەکە دەکەن. بێگومان، ئەمە هەلێکە بۆ ئێمە وەک یاریزان و بۆ هەموو کۆمەڵگەی تۆپی پێ تاوەکو نیشانی بدەین کە ئەمە وەرزشێکی ناوازەیە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەمریکا باشتر بمانناسن و تۆپی پێ باشتر بناسن و چیتر پێی نەڵێن 'سۆکەر' (Soccer)."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئێمباپێ لەبارەی یارییکردنیان لە ئەمریکا گوتی "جێگەی شانازییە لێرەم لە ئەمریکا و بەرامبەر بەرازیل یاری بکەم کە گەورەترین وڵاتی تۆپی پێیە و پێنج ئەستێرەی لەسەر درێسەکەیەتی. هەوڵ دەدەین گەورەترین نمایشی شایستە بۆ ئەو هاندەرانە بکەین کە لێرە لە یاریگادان و ئەوانەشی لە ماڵەوەن. ئەمە هەلێکە بۆ ئێمە تاوەکو باشترینەکانی تۆپی پێ بە ئەمریکییەکان بناسێنین و لە رێگەی یارییەکی ئاست بەرزەوە وێنەیەکی جوانی یارییەکەیان لەلا دروست بکەین."
 
ئەمشەو لە یارییەکی دۆستانەی بەهێزدا هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و بەرازیل کاژێر 23:00 لە ئەمریکا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.