لێدوانی فەرمیی رۆدری لەبارەی چوونی بۆ ریال مەدرید و ڤینیسیۆسەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

رۆدری، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی مانچێستەر سیتی وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکەن لە داهاتوودا و دەڵێت "یارییکردن لە بێرنابیۆ شتێکی نایابە."
 
رۆدری بەر لە یارییە دۆستانەکەی ئیسپانیا بەرامبەر سێربیا لە نوێترین دەرکەوتنیدا لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جیاوازەوە قسەیکرد، بەتایبەتیش ئەو هەواڵانەی باس لە چوونی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید دەکەن لە داهاتوودا.
 
یاریزانە ئیسپانییەکە لەبارەی ئەگەری یارییکردنی بۆ ریال مەدرید لە داهاتوودا گوتی "یارییکردن بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید رێگر نابێت لە پەیوەندیکردن بە ریال مەدریدەوە، پێشتر زۆر یاریزانی دیکە بەو رێگەیەدا رۆیشتوون، تۆ ناتوانیت دەستبەرداری یانەی گەورەی وەکو ریال مەدرید بیت و پەیوەندیکردنم بەو یانەیە دەرگایەکی داخراو نییە."
 
 رۆدری زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و گوتی "بەڵێ دەمەوێت بگەڕێتەوە ئیسپانیا، مەدرید و لالیگا، ئەمە شتێکی ئاساییە بەلای منەوە. نازانم سەرۆکی ریال مەدرید پێم سەرسامە یان نا، بەڵام ئەگەر بیەوێت پەیوەندی پێمەوە بکات پێویستە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەم بکات نەک لەگەڵ من بەشێوەی راستەوخۆ."
 
ناوەڕاستکارەکەی مانچێستەر سیتی دەڵێت "ناتوانیت دەرگا بەڕووی باشترین یانەی جیهاندا دابخەیت."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کرانە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ریال مەدرید، رۆدری گوتی "گرنگ نییە یارییەکە بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت یان سەیر، ریال مەدرید هەمیشە بە ریال مەدرید دەمێنێتەوە." دوای ئەوەش لەبارەی یارییکردن لە بێرنابیۆ یاریزانە ئیسپانییەکە گوتی "شتێکی سەرسوڕهێنەرە، یارییکردن لە بێرنابیۆ هەمیشە ئەزموونێکی نایاب بووە، یاریگەیەکی گەورەیە و زۆر ترسێنەرە."
 
پرسیار لە رۆدری کرا، ئایا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ڤینیسیۆس هەیە کە ئامادەی رێوڕەسمی باڵۆندۆر نەبوو؟ ئەو یاریزانە لە وەڵامدا دەڵێت "نەخێر، ئەمە بە هیچ شێوەیەک راست نییە، من رێزی زۆری دەگرم و بۆ هەموو ئەو کارانەشی کە دەیکات، بەتایبەتیش بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەدەستیهێناوە، لە کۆتاییدا کەسانی دیکە هەن کە لایەنی سێیەمن و ئەوان بڕیار دەدەن کێ باڵۆندۆر بباتەوە."
 
رۆدری زیاتر دەڵێت "هەوڵدەدرێت بەو شێوەیە پێشانبدرێت کە من و ڤینیسیۆس کێشەمان هەیە، بەڵام لە راستیدا بارودۆخەکە زۆر جیاوازە."
 
ئەم قسانەی رۆدری لەکاتێکدایە ماوەیەکی زۆرە دەنگۆی ئەوە بڵاودەکرێتەوە، ریال مەدرید گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدات و دەیەوێت یاریزانەکە بباتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ.