ئاسۆ رۆستەم لێدانی سزای لەدەستدا و زاخۆ بە شورتە دۆڕا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ لە گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لەنێو یاریگە و هاندەرانی دووچاری شکستهات و سێ خاڵی گرنگی بەرامبەر شورتە لەدەستدا،
یارییەکە لە کەشێکی سارد و باراناویدا بە گەرموگوڕی دەستیپێکرد. هەردوولا هێرشیان دەبردە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام بێ ئامانج بوون. لە خولەکی 29 لێدانێکی گۆشە بۆ یانەی شورتە هەژمارکرا، ئدیلسۆم بۆربا دی ئاکین، یاریزانی زاخۆ بە هەڵە گۆڵێکی لە تیپەکەی تۆمارکرد. گێمی یەکەم بە پێشەنگی میوانەکان بە گۆڵێکی بێ وەڵام کۆتاییهات.
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، زاخۆ بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە گوشاری زۆری دروستکرد. خولەکی 55 ناوبژیوان لێدانێکی سزای بۆ زاخۆی خاوەن ماڵ هەژمارکرد. ئاسۆ رۆستەم ئەرکی جێبەجێکردنی گرتە ئەستۆ و تۆپەکەی ئاراستەی لای راستی گۆڵ کرد، بەڵام حەسەن ئەحمەدی گۆڵپارێز زۆر بە زیرەکانە گەڕاندیەوە و رێگەی نەدا زاخۆ ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
یارییەکە گەرموگوڕتر بوو، زاخۆ هەموو توانای خۆی بۆ گۆڵکردن خستە گەڕ. بەڵام لە خولەکەکانی زیادکراودا شورتە سوودی لە هێرشێکی پێچەوانە وەرگرت، ئەسیر ساڵح گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد و شورتەی کردە خاوەنی گۆڵی دووەم.
بەم ئەنجامە، ئێستا شورتە بە کۆکردنەوەی 52 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی جێگیربوو، یانەی زاخۆش بە 40 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە دێت.