بڕیاری فەرمیی یوفا لەبارەی رووداوەکانی یارییەکەی نێوان ریال مەدرید و بێنفیکا
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا 'یوفا'، سزای فەرمیی بەسەر یانەی بێنفیکای پۆرتوگالیدا سەپاند، بەهۆی رووداوەکانی یاریی چوونی یانەکە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەقۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، لەسەر یاریگەی یانەکە.
یارییەکە هەڵچوونی زۆری بەخۆوە بینی، دوای گۆڵی ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئاهەنگگێڕانی لە دوای گۆڵەکە.
هاندەرانی بێنفیکا ئەوکات، تووڕەیی زۆریان بەرامبەر ئاهەنگگێڕانەکەی ڤینی پێشاندا، لە کاتێکدا ئەو لە نزیک ئاڵای سووچی یاریگەکە سەمای کرد و هاندەران دەبەی ئاو و شتی دیکەیان تێگرت.
دواتر جیانلۆکا پرێستیانی رووبەڕووی ڤینیسیۆس بووەوە و پاش داپۆشینی دەمی، قسەی پێگوت و هێرشبەرە بەرازیلییە بەناوبژیوانی یارییەکەی گوت، ئەو رەگەزپەرستیی بەرامبەر کردووە. ناوبژیوان بۆ ماوەی دە خولەک یارییەکەی راگرت، بەرلەوەی دواتر دەستپێبکاتەوە و ریال مەدرید یارییەکە بەتاکە گۆڵەکەی ڤینی بباتەوە.
دەستەی چاودێری و ئەخلاق و رێککاری سەر بە یوفا، بڕیاریداوە بڕی 40 هەزار یۆرۆ سزای دارایی بەسەر یانەی بێنفیکادا بسەپێنێت، بەهۆی 'دروشم و ئاماژە نایاساییەکان'، کە دوو لە هاندەرانی یانەکە بەرامبەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یارییەکەدا ئەنجامیانداوە.
یانەکە هەروەها دەبێ 25 هەزار یۆرۆی دیکە بدات، بەهۆی هەڵدانی شت بۆ نێو یاریگە. جیا لەوەش یانەی بێنفیکا، بۆ ماوەی ساڵێک لە ژێر تاقیکردنەوەی پابەندبوونی هاندەرەکانیدا دەبێت، ئەگەر لەو تاقیکردنەوەیە دەرنەچێت، بەشێک لە پەیژەکانی یاریگەی یانەکە، لە پاڵەوانێتییەکی ئەورووپیدا دادەخرێن.
یوفا هەروەها بڕیاریدابوو، 500 کورسیی هاندەران لە بەشی 10 و 11ی پەیژەکانی باشووری یاریگەی یانەکە دابخات، بەهۆی رەگەزپەرستی لەو شوێنەوە بەرامبەر ڤینی، بەڵام جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بەهەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە، تەنیا لەوکاتەدا جێبەجێی دەکات، کە دووبارە ببێتەوە.
یانەی بێنفیکا، پێشتر خۆی بڕیاری دوورخستنەوەی پێنج هاندەری لە ئامادەبوون لە یاریگەی یانەکە راگرتبوو، بەهۆی هەڵسوکەوتی ناوەرزشی.
یوفا هەروەها بڕیاریداوە پێدرۆ لویس ماچادۆی یاریدەدەری راهێنەری یانەکە، بە راگرتن لە یارییەکی ئەورووپی سزا بدات بەهۆی هەڵسوکەوتی ناوەرزشییەوە.
جیا لەو بڕیارانە، لیژنەکەی یوفا ئاشكرایکردووە، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری روودانی رەگەزپەرستی لەلایەن پرێستیناییەوە بەرامبەر ڤینیسیۆس بەردەوامە، لە کاتێکدا پێشتر یوفا ئەو یاریزانەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخەکە بەرامبەر ریال مەدرید، بێبەشکردبوو.