ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا لە فلیک تووڕەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا دژی هانزی فلیکی راهێنەر دەوەستێتەوە و بەئاشکرا رایدەگەیێنێت کە لەگەڵ تیپەکە دڵخۆش نییە و دەڵێت "من شایەنی ئەوەم زیاتر یاری بکەم".
روونی بەرداخچیی یاریزانی سوێدی ئەو یانەیە. بەئاشکرا ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر کەمیی خولەکەکانی یاریکردنی دەربڕیوە و داوای کردووە لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیدا، زیاتر بەشداریی یارییەکان بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە بارسێلۆنا بەجیاوازی 4 خاڵ لە پێش ریال مەدریدی رکابەریەوەیە و لە لووتکەی ریزبەندیی لالیگادایە، هەروەها یانە کەتەلۆنییەکە گەیشتووەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و بڕیارە رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید ببێتەوە.
سەرباری ئەوەی بارسا لە چەندین بەرەدا دەجەنگێت، بەڵام روونی بەارداخچی لە یەکەم وەرزی خۆیدا لەناو یانەکەدا کاتێکی پێویستی بۆ یاریکردن و سەلماندنی تواناکانی پێنەدراوە.
روونی لەم وەرزەدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بەشداری 22 یاری کردووە، کە زۆربەیان وەک یاریزانی یەدەگ بووە و کۆی گشتی 615 خولەک یاریکردووە؛ لەو ماوەیەدا توانیویەتی 2 گۆڵ بکات و 4 ئەسیستی هەبووە.
بەرداخچی تەمەن 20 ساڵان، لە کاتی بەشدارییکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی سوێد بۆ ئامادەکاریی یاریی چوونی پاشکۆی گەیشتن بە مۆندیال بەرامبەر ئۆکراینا، بێدەنگیی شکاند و داوای لە فلیک کرد هەلی زیاتری پێبدات بۆ یاریکردن.
بەرداخچی لە هەڤەیڤینیکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی سوێدی گوتی "راستییەکەی ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا کاتێکی پێویستم بۆ یاریکردن پێنەدراوە".
روونی، کە ئەرکێکی سەختی لەسەرشانە بۆ کێبڕکێکردن لەگەڵ لامین یامال لە باڵی راستی هێرشبەریدا، گوتیشی "من ئارامم، بەڵام بەڕاستگۆیی پێموایە شایەنی ئەوەم زیاتر یاری بکەم".
کاتێک دەربارەی دۆخی لەناو بارسێلۆنا پرسیاری لێکرا، وەک ئەوەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ گواستوویەتییەوە، دەڵێت "بەڕێژەی 100٪ دڵخۆش نیم، بەڵام ئەمە تۆپی پێیە".
دوای دەربڕینی ئەم رەخنانە، روونی ویستی ئەوە روونبکاتەوە کە رێزی بڕیارەکانی فلیک و هاوکارەکانی لە تیپەکەدا دەگرێت و گوتی "هەموو رێزێکم هەیە بۆ ئەو یاریزانانەی کە کاتێکی درێژە لەگەڵ تیپەکەدان".
روونی بەرداخچی هاوینی رابردوو لە یانەی کۆپنهاگنی دانیمارکییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆناوە کردووە.