بەرازیل و فەرەنسا بە تامی مۆندیال رووبەڕووی یەکدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە یارییەکی بەهێزی دۆستانەدا، هەردوو هەڵبژاردەی بەرازیل و فەرەنسا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر رکابەریی یەکدی دەکەن.
ئەمشەو کاژێر 23:00 لە ئەمریکا، بەرازیل و فەرەنسا، لە دوایین وەستانی نێودەوڵەتیدا بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال رووبەڕووی یەکدەبنەوە و لە یارییەکی دۆستانەدا رکابەریی یەکدی دەکەن.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەرازیل و دیدێ دیشامپ، راهێنەری فەرەنسا دەیانەوێت بگەنە باشترین ئاستی خۆیان بەر لە چوونە نێو رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026، بەڕێوەچوونی یارییەکەش لە ئەمریکا هەر بۆ گونجاندنی هەردوو تیپە لەگەڵ کەشوهەوای کیشوەرەکە و وڵاتەکە.
ئەنچێلۆتی، بەبێ نەیمار ئەم یارییە و یارییەکەی بەرامبەر کرواتیا ئەنجامدەدات، بەڵام ڤینیسیۆس جونیۆر و رافینیا لە باشترین کاتەکانیاندا دەیانەوێت هاوکاریی سیلیساو بکەن بۆ بردنەوەی ئەم یارییە دۆستانەیە.
جگە لەوە جواو پێدرۆ، ئیگۆر تیاگۆ، رایان و ئێندریکیش بانگهێشتکراون و بۆ یارییەکە ئامادەن.
لەلایەن خۆیەوە هەڵبژاردەی فەرەنسا، چەند رۆژێکە لە ئەمریکایە و خۆی بۆ یارییەکە ئامادەدەکات.
بەر لە یارییەکە کیلیان ئێمباپێ گەڕایەوە نێو مەشق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەکە و بەتەواوی راهێنانی کردووە، ئەگەری هەیە بەشێوەی سەرەکی یاریی نەکات، بەڵام خۆی دەڵێت "ئامادەم بۆ ئەوەی بە سەرەکی یاری بکەم."
ئێمباپێ دەڵێت ""بۆ ئێمە گرنگە، هەمیشە یاری کردن بەرامبەر باشترین وڵاتانی جیهان چێژبەخشە. من هەمیشە دەڵێم کە بەرازیل گەورەترین وڵاتە لە تۆپی پێدا. پێنج ئەستێرەیان لەسەر درێسەکانیانە و ئەوە خۆی هەموو شتێک دەسەلمێنێت. یارییکردن بۆ ئێمە خۆش دەبێت کە ئەم ئاستە لە کوالێتی لە ناو یاریگادا هەبێت. زۆر لە باشترین یاریزانانی جیهان لە ناو یاریگادا دەبن. هەروەها بۆ هەموو کەسێک لە ئەمریکا چێژبەخشە کە بەر لە مۆندیالی سەیری ئەم یارییە بکات."
فەرەنسا و بەرازیل هەمیشە یارییەکانیان جێگەی سەرنج بووە، چ لە سەر ئاستی فەرمی بەرامبەر یەکدی یاریی بکەن یان لە یاریی دۆستانەدا رووبەڕووی یەکببنەوە، ئەمجارە یارییەکە سەرنجڕاکێشتر دەبێت، بەوپێیەی ڤینیسیۆس جونیۆر و کیلیان ئێمباپێ هەردوو هاوڕێی یەکدی لە یانەی ریال مەدرید رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یاریی داهاتووی بەرازیل بەرامبەر کرواتیا دەبێت و بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو کاژێر 03:00 بەڕێوەدەچێت، یاریی داهاتووی فەرەنسا دوای سێ رۆژی دیکە دەبێت بەرامبەر کۆڵۆمبیا و کاژێر 22:00 یارییەکە ئەنجامدەدرێت.