جەنگ تیروپشکی جامی ئاسیای دواخست
رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی فەرمی تیروپشکی جامی ئاسیای 2027 بەهۆی بارودۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، تیروپشکی جامی ئاسیای 2027 کە بڕیاربوو رۆژی 11ـی 4 لە سعودیە ئەنجامبدرێت بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
فیدراسیۆنە هیچ وادەیەکی نوێی بۆ ئەنجامدانی تیروپشکەکە رانەگەیاندووە، هۆکارەکەشی ناڕوونی داهاتووی ناوچەکەیە بەهۆی جەنگی ئەمریکا -ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و کاریگەرییەکەی لەسەر وڵاتانی کەنداو.
بەپێی راگەیێنراوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەکە دەکرێت و لە ماوەی داهاتوودا کات و شوێنێکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی تیروپشکەکە رادەگەیێنرێت.
دواخستنی تیروپشکی جامی ئاسیای 2027 لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیاوە لەکاتێکدایە، بڕیاردراوە یارییەکانی قۆناخی شازدەی بەشی رۆژئاوای ئاسیا لە چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە سعودیە بە یەک یاری بکرێن و مانگی داهاتوو یارییەکانی دەستپێدەکەنەوە.
جگە لەوە یارییەکانی چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیاش کراوەتە یەک یاری و بەو شێوەیە پاڵەوانێتییەکە تەواو دەکرێت.
جامی ئاسیای 2027 بڕیارە رۆژی 7-1-2027 دەستپێبکات و تاوەکو 5-2-2027 بەردەوامدەبێت، لە پاڵەوانێتییەکەدا 24 هەڵبژاردە بەشداردەبن و بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشدەکرێن.