کلاسیکۆی جامی شا و ئاڵنگارییەکانی بەردەم ریال مەدرید و بارسێلۆنا


رووداو دیجیتاڵ

بەئومێدی بردنەوەی یەکەم نازناو لە کۆتاییەکانی وەرزی ئەمساڵدا، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەیەکدەگەن.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان ئەنجامدەدرێت.
 
ئەگەرچی هەردوو یانە بەدوو دۆخ و ئاست و ئەنجامی جیاوازەوە روو لە یارییەکە دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی یارییەکە لەژێر ناوی کلاسیکۆدا ئەنجامدەدرێت، پێشبینیکراوە پڕ زەحمەت و رکابەری بێت بۆ هەردوو یانەکە.
 
ئەو دۆخەی هەردوو یانەی تێدان بەر لە یارییەکەی نێوانیان، تەواو جیاوازە، بارسێلۆنا لە لووتکەی درەوشانەوە و ئاست و ستایلی یارییکردن و خەونی گەورەدا دەچێتە یارییەکە، لە کاتێکدا ریال مەدرید تیپێکی پڕ لە کێشە و پێکان و ناسەقامگیر و داهاتوو نادیارە.
 
لە دوو کلاسیکۆی رابردووی وەرزی ئەمساڵی نێوان هەردوو یانەدا، بارسێلۆنا باڵادەستی و تێکشکاندنی رکابەرەکەی لە هەردوو یاریدا دووپاتکردەوە و ئەوەش پێدەچێ وەک گرێیەکی دەروونی بێت بۆ ریال مەدرید، لە کاتێکدا هەمووان باس لە دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی دەکەن.
 
ئەو دوو سەرکەوتنەی ئەمساڵ بارسێلۆنای فلیک سەر ریال مەدرید لە کلاسیکۆی خول و جامی سوپەردا بەدەستی هێنا، وایکردووە لە مەدرید متمانە بەتیپەکە زۆر کەم بێت و ئاستی گەشبینیش بەبەدەستهێنانی نازناوەکە زۆر دابەزێت.
 
ئەو راستییەی بەر لە یارییەکە هەیە و دووپاتیدەکاتەوە کە بارسێلۆنا لە دوو یاریی ئەمساڵدا نۆ گۆڵی لە ریال مەدرید کردووە، پێویستی بەهاندان و هەڵوەستە لەسەر لایەنی دەروونیی یاریزانەکانی ریال مەدرید هەیە، تاوەکو کەمێک متمانە لە خۆیاندا دروست بکەن و بتوانن بەر بەلێشاوی بەرەو سەرچوونی بارسێلۆنا بگرن.
 
بەپێچەوانەی ئەو کاریگەرییە قووڵە دەروونییەی دوو شکستەکە لەسەر ریال مەدریدی دروستکردووە، هەمان دوو یاریی، ئاستی دەروونیی و متمانە بەخۆبوونی لە بارسێلۆنادا زۆر بەرەو سەربردووە.
 
بارسا تەنیا پاڵنەری مانەوی بۆ بردنەوەی یارییەکە نییە، بەڵکو ئاستی زۆر باشی تیپەکە و ستایلی خێرای یارییکردن و باڵادەستبوون بەسەر هەموو رکابەرەکاندا، متمانەی ئەوەی بە کەتەلۆنییەکان بەخشیوە لە یارییەکەدا بەئارامی بەشوێن بردنەوەیەکی دیکەدا بگەڕێن.
 
یاریی کۆتایی جامی شا، تەنیا بەخشینی نازناوێک نابێت بەو دوو زەبەلاحەی ئیسپانیا، بەڵکو بۆ بارسا دەرگای سیانەی مێژوویی دەکاتەوە و بۆ ریالیش دەرگای گۆڕانکارییەکی گەورە، کە دەکرێ لە راهێنەری تیپەکەوە دەستپێبکات.