"پێویستە لامین شوێنپێی رۆناڵدۆ و مێسی هەڵبگرێت"
رووداو دیجیتاڵ
خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کاری بەناوبانگی یاریزانان و راهێنەران ئاشکرایکردووە، ئامۆژگاریی لامین یامالی ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنای کردووە، بەشوێن هەنگاوەکانی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆدا بچێتەوە.
لامین لە یاریی پێشووی یانەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە لالیگا، دووچاری پێکانبوو و بەهۆیەوە وەرزی ئەمساڵی یاریزانەکە لەگەڵ یانەکەی کۆتایی هات. لە کاتێکدا سەرچاوەکان دەڵێن، مەترسیی لەسەر یارییکردنی ئەو یاریزانە لە مۆندیالیش هەیە.
خۆرخی مێندێز، کە بەڕێوەبەری کارەکانی لامین یامالە و پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالیی بووە، ئاشکرایکردووە کە بە لامینی راگەیاندووە، ژیانی یاریزان لە دەرەوەی یاریگە، دیارییدەکات لە نێو یاریگەدا چۆن دەبێت.
ئەو گوتوویەتی، داوام لە لامین کرد، هەموو کات مێسی و رۆناڵدۆ وەک نموونەی باڵای خۆی لەو لایەنەوە تەماشا بکات و بەشوێن هەنگاوەکانیاندا بچێت.
مێندێز دەڵێ، "زۆرینەی کات لە یاریزانەکانم دەپرسم، ئایا دەتانەوێت لە دەرەوەی یاریگا وەک مێسی و رۆناڵدۆ بن؟ یان دەتانەوێت وەک ....بن؟ ناوی یاریزانەکان ناهێنم، بەڵام بەبڕوای من ئەوە خاڵە یەکلاکەرەوەکەیە لە ئاستی یاریزاندا".
ئەو زیاتر دەڵێ، "رۆناڵدۆ باشترین نموونەی رێککاری و ژیانی نموونەییە کە دەبێ نەوەکانی داهاتوو لاسایی بکەنەوە".
مێندێز ئامۆژگاریی ئاراستەی لامین و ئەستێرە لاوەکانی دیکە کردووە و هۆشداریی داونەتێ لەوەی دوای "هەڵای کۆمەڵگای بەکاربەر" نەکەون. بەڕوونی دەڵێ، "بنەچەی خۆت لەبەرچاو بگرە، خانوویەک بکڕە و هاوکاریی خێزانەکەت بکە".
لامین یامال یەکێکبوو لەو ئەستێرانەی بەر لە نزیکەی ساڵێک، بووبووە جێگەی سەرنجی میدیاکان بەهۆی دەرکەوتنی لەگەڵ ئافرەتانی جیاواز و دەرکەوتن لە یانە شەوانەکان، بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە گۆڕانکاریی زۆر لە هەڵسوکەوتەکانیدا روویانداوە.
بەڕێوەبەر پۆرتوگالییەکە هانی یاریزانەکانی داوە کە چاویان لەسەر پڕۆژەی پتەو و درێژخایەن بێت، لەبری ئەوەی چاو بخەنە سەر پڕۆژەی چێشتخانە و سەرکێشیی بازرگانیی خێرا کە تەنیا ئامانج لێی، ناوبانگە.
ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە رێککاری، پابەندی و عەقڵیەتی دروست، بەسەر بەهرەی رووتدا سەردەکەون و ئاراستەی کاروانی هەریاریزانێک دیاریی دەکەن.
مێندێز باسی لەوە کردووە کە چەندین یاریزانی بەهرەمەند، بەهۆی نەبوونی 'چوارچێوەی راست' لە ژیاندا، کاروانیان زوو کۆتایی هاتووە، لە کاتێکدا ئەوا بەهرەمەندبوون، ئەو دەڵێ، "کێشە تەنیا لە بەهرەدا نییە، بەڵکو لە نەبوونی قۆستنەوەی هەل و پارێزگارییە لە عەقڵیەتی پتەوی سەرکەوتن".
هەندێک سەرچاوەی میدیایی دەڵێن، قسە و بیرکردنەوەی مێندێز و ئەزموونی گەورەی ئەو کاربەڕێوەبەرە لە بواری تۆپی پێ و بەهرەی یاریزانان، کاریگەریی گەورەی لەسەر هەڵسوکەوت و شێوازی مامەڵە و بیرکردنەوەی لامین یامال دروستکردووە و بەرەو باشیی بردوون.