رۆژێکی مێژوویی لە ئامەد و خەونێکی گەورە بۆ ئامەدسپۆر
رووداو دیجیتاڵ
شاری ئامەدی باکووری کوردستان، ئەمڕۆ لە رۆژێکی مێژوویی و گرنگدا دەژی و یانەی ئامەدسپۆر، هەوڵدەدات لە رێگەی بردنەوەوە، نیوەی رێگەی سەرکەوتنی راستەوخۆ بەرەو سوپەرلیگی تورکیا ببڕێت بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا.
ئامەدسپۆر کە ئێستا لە پلەی سێیەمی خولی پلە یەکی تورکیایە، چاوی لەوەیە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، بگاتە خولی سوپەرلیگی تورکیا و بچێتە ریزی یانە گەورەکانی ئەو وڵاتە و رکابەریی لەگەڵ گاڵاتەسەرای، بێشکتاش و فەنەرباخچە و یانەکانی دیکە بکات.
بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە، ئامەدسپۆر پێویستی بە دوو بردنەوە لە دوایین دوو یاریی خۆیدا هەیە، لەگەڵ خاڵ لەدەستدانی یانەی ئێرۆک سپۆری رکابەری، کە پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، ئەگەرنا دەبێت لە یاریی کۆتایی پلەی ئۆف چاوەڕێی رکابەرەکەی بکات.
ئامەدسپۆر گەیشتنی بۆ یارییەکانی پلەی ئۆف مسۆگەر کردووە، بەڵام یانەکە چاوی لە بلیتێکی راستەوخۆی سوپەرلیگی تورکیایە.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، ئامەدسپۆر پێویستی بەوەیە هەردوو یاریی داهاتووی بەرامبەر بۆدرووم و ئیدر بباتەوە. یانەکە ئەمڕۆ یاریی یەکەم بەرامبەر بۆدرووم لە نێو یاریگەی خۆیدا ئەنجامدەدات و بردنەوەی یارییەکە، ئومێدی زۆر دەداتە ئامەدسپۆر بۆ سەرکەوتنی راستەوخۆ بۆ سوپەرلیگ.
ئامەدسپۆر، چەندە چاوی لە دەستی خۆی و بردنەوەی دوو یارییەکەی داهاتوویەتی، ئەوەندەش پێویستی بە لەدەستدانی خاڵ لەلایەن یانەی ئێرۆک سپۆر خاوەنی پلەی دووەمی ریزبەندیی خولەکە هەیە، بۆ ئەوەی رێگە بۆ ئامەدسپۆر خۆش بێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەربکەوێت.
ئەگەر ئامەدسپۆر نەتوانێت راستەوخۆ بگاتە سوپەرلیگ، دەچێتە یاریی کۆتایی پلەی ئۆف و لەوێ چاوەڕێی براوەی یارییەکانی دیکە دەکات.
یارییەکانی دیکە لە نێوان یانەکانی دیکەی خولەکە بەڕێوەدەچێت و خاوەن پلەی چوارەم و پێنجەمی ریزبەندییەکە بەرامبەر یەک یاریی دەکەن، هەروەها خاوەن پلەی شەشەم و حەوتەمیش رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە. دواتر براوەکانی هەردوو یارییەکە، بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن و سەرکەوتوو لەو یارییەوە، دەگاتە یاریی کۆتایی پلەی ئۆف و رووبەڕووی ئامەدسپۆر دەبێتەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بلیتی سێیەمی گەیشتن بە سوپەرلیگ.
ئامەدسپۆر تاوەکو ئێستا لە کۆی 36 یاریی کە لە خولەکەدا ئەنجامیداوە، 72 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە، ئیرۆک سپۆر بەخاڵێک زیاتر لە پلەی دووەمی ریزبەندییەکەیە و پێشەنگیش بەدەست ئەرزڕووم سپۆرتە بە کۆکردنەوەی 79 خاڵ.