پایسکیلسوارێکی کورد بەهۆی وزەبەخش دوورخراوەتەوە
رووداو دیجیتال
بەهۆی گومانی بەکارهێنانی وزەبەخش، یەکێتیی پایسکیلسواری ئاسیا یاریزانێکی کوردی لە کێبرکێکانی دوورخستووەتەوە. یەکێتیی پایسکلیسواری عێراقیش بڕیاری لێکۆڵینەوەی داوە. ئەو پایسکلسوارە کوردەش بە رووداو سپۆرتسی گوت "من بەهیچ شێوەیەک بەمەبەست ئەو وزەبەخشەم بەکارنەهێناوە و تەواوی بەڵگە و راپۆرتی پزیشکی و دەرمانەکانم وەک بەڵگە بۆ رێکخەرانی پاڵەوانێتیی ئاسیا ناردووە".
ئەمساڵ پاڵەوانێتیی پایسکلسواری ئاسیا لە شاری شاریقەی ئیمارات بەڕێوەچوو، بەر لە پاڵەوانێتییەکە دەزگای تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی کە بە ITA ناسراوە، پشکنین بۆ یاریزانە بەشداربووەکان دەکات، بۆ دڵنیابوون لە بەکارنەهێنانی وزەبەخش و پاک و خاوێنی گیانی یاریزانە بەشداربووەکان.
رۆژی 27ـی مانگی یەکی ئەمساڵ لەوکاتەی وەهبی سلێمان، پاڵەوانی پایسکلسواری کورد وەک یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت بەشداریی پاڵەوانێتیی ئاسیا بکات، پشکنینی بۆ دەکرێت، دەزگای تاقیکردنەوەی نێودەوڵەتی هەر ئەوکات بەهۆی ئەنجامی پشکنینەکە، کە دەریدەخات ئەو پایسکلسوارە کوردە ماددەی ستانۆزۆلۆل لە لەشیدا هەیە، بڕیار دەدات لە پاڵەوانێتییەکە دووری بخەنەوە.
ئەو ماددەیەی لە پشکنینەکەدا لە لەشی پایسکلسوارە کوردەکەدا بووە، مادەیەکە لە لیستی قەدەخەکراوی ئاژانسی جیهانی دژە وزەبەخشەکانە WADA وەک ستیرۆیدی ئەنابۆلیک-ئەندرۆجینیکی S1.1 پۆلێن کراوە. لە هەموو کاتێکدا قەدەخەیە 'لە ناو کێبڕکێ و دەرەوەی کێبڕکێ'، ستانۆزۆلۆڵ ستیرۆیدێکی ئەنابۆلیکی دەستکردە کە یارمەتی گەشەی ماسوولکەی بێ چەوری دەدات و هێز بەرز دەکاتەوە.
وەهبی سلێمان، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی ئەو بابەتەوە لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە بێتاوانیی خۆی لە بەکارهێنانی ئەو ماددە وزەبەخشە دووپاتکردەوە و گوتی "راستە لە پشکنینی پاڵەوانێتییەکەدا بەکارهێنانی ماددەی وزەبەخش لە لەشم بیندراوە، بەڵام من بەر لەوەی گەشتی شاری شاریقە بکەم، لە دهۆک بەهۆی بەربووەنەوەم لەسەر پایسکل سەردانی پزیشکم کرد و دەرمان و چارەسەریم وەرگرت، نەمزانیوە کە ئەو ماددەیە لە دەرمانەکانمدا هەبووە".
ئەو یاریزانە و راهێنەرەکەی بەبیانووی بەکارهێنانی ماددەی پزیشکی وەک چارەسەر تانەیان لە بڕیارەکەی رێکخەرانی پاڵەوانێتیی ئاسیا داوە، جارێکی دیکەش پشکنینی بۆ ئەو یاریزانە کوردەی هەڵبژاردەی عێراق کراوە.
ئەو پایسکلسوارە کوردە، زیاتر روونیکردەوە "تەواوی بەڵگە و راپۆرتی پزیشکی و دەرمانەکانم وەک بەڵگە بۆ رێکخەرانی پاڵەوانێتیی ئاسیا ناردووە و چاوەڕوانی وەڵامم، من دڵنیام کە ئەنجامەکەی باش دەبێت و هەندێک چارەسەری پزیشکی هەیە کە توانات پێدەبەخشێت".
عەبدولقادر نوردەین، ئەندامی یەکێتیی پایسکلیسواری عێراق، لەبارەی ئەو دۆخەی بەسەر وەهبی هاتووە ئاشکرایکرد "ئێمە بڕیارمانداوە لە شاری بەغدا کۆبینەوە و لێکۆڵینەوەش دەکەین، هەر کەسێک کەمتەرخەم بێت سزا دەدرێت".
وەهبی سلێمان، خەڵکی دهۆکە و پاڵەوانی عێراقە، یاریزانی یانەی سناعەیە، کە زیاتر لە 10 ساڵە بەردەوام لە پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتیی عێراقن.