یوسف ئەمین لەپێناو مۆندیالێکی باش دەچێتە قەتەر

رووداو هەولێر 

یوسف ئەمین، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بۆ وەرگرتنی چارەسەر و چاکبوونەوەی تەواو لە پێکانەکەی دەچێتە  قەتەر و دەیەوێت بەشێوەیەکی زۆر باش خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیال ئامادە بکات.
 
ئەو ئەستێرە کوردە یەکێک بوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی هەڵبژاردەی عێراق کە توانییان دوای 40 ساڵ خەونی گەورەی وڵاتێک بکەنە راستی و عێراق بۆ جاری دووەم بگەیەننە یارییەکانی مۆندیال.
 
یوسف ئەمین، ئەستێرەیەک بەلێهاتوویی و تواناکانی سەرنجی گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقی راکێشاوە و لە دوایین یاریی هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر بە بۆلیڤیا لە پاشکۆی جیهان بۆ گەیشتن بە مۆندیال، ئەستێرە کوردەکە لە پێکهاتەی سەرەکی بوو، ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد. دوای ئەوەی عێراق یارییەکەی بەئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە، یوسف ئەمین، تووشی دڕانی ماسوولکەی بەشی پێشەوەی رانی بوو، بەهۆی ئەوەی زۆر بەهێز و جەنگاوەرانە بۆ تیپەکەی هەوڵیدا لە یارییەکەدا، کە شەقامی وەرزشی عێراق هەموو چاوییان لەسەر تواناکانی بوو.
 
دوای یارییەکە ئەو ئەستێرەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەڕایەوە ئەڵمانیا، ئێستا دۆخی زۆر باش بووە و بڕیارە ئەمڕۆ بەرەو شاری لەندەن گەشت بکات و لەوێ چاوی بە پزیشکێکی پسپۆڕی چارەسەری یاریزانان دەکەوێت. دواتریش دەچێتە قەتەر بۆ هەمان مەبەست. 
 
سەرچاوەیەکی نزیک لەو ئەستێرە کوردەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دوای دیتنی ئەو پزیشکە تایبەتە، یوسف ئەمین راستەوخۆ روو دەکاتە شاری دەوحە، لەوێ بەشێوەیەکی زۆر چڕ چارەسەری وەردەگرێت بۆ ئەوەی بە باشترین ئاستی خۆی بگەڕێتەوە نێو راهێنانەکانی هەڵبژاردەی عێراق و خزمەت بە تیپەکەی بکات لە یارییەکانی مۆندیال". 
 
هەڵبژاردەی عێراق بڕیارە لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ لە شاری بەسرە دەست بەراهێنان بکات، بەڵام ئەو ئەستێرانەی کە لە خولەکانی دەرەوە یاری دەکەن لە کەمپی دووەمی تیپەکە لە ئیسپانیا پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە دەکەن، یوسف ئەمینیش چاوەڕواندەکرێت لە ئیسپانیا پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات. 
 
پێشتر یوسف ئەمین، ئەستێرەی کورد لەبارەی خەونی گەورەی بۆ گەیشتن بە مۆندیال بەر لە ساڵ و نیوێک بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرایکرد "کە منداڵ بووم لە رێگای سەیرکردنیئەستێرە گەورەکانەوە لە تەلەڤزیۆن خەونم بەوە دەبینی وەک یاریزانێک بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالدا بکەم، بەدڵنیاییەوە زۆر خۆشە رۆژێک بەڕاستی یارییان بەرامبەر بکەم". 
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، یوسف ئەمین دۆخی باشە و دوای کۆتایهاتنی چارەسەرییەکەی لە دەوحە، درێسی هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی مۆندیال دەپۆشێت. 
 
ئەو ئەستێرە کوردە بە یاریکردن لە یانەی وەحدە تاکە یاریزانی کوردە لە مێژوودا یاریی لە خولی رۆشنی سعودی کردووە، ساڵانێکی زۆریش لە یانەکانی ئەڵمانیا یاریکردووە، ئەمساڵیش یاری بۆ یانەی ئایک لارناکای قوبرسی  دەکات، کە یانەیەکی بەهێزە و ئێستا لە پلەی دووەمی ریزبەندیی خولی ئەو وڵاتەیە.
 
یوسف ئەمین، خەڵکی شاری دەربەندیخانە و ساڵانێکی زۆرە خۆی ماڵباتەکەی لە وڵاتی ئەڵمانیا ژیان دەکەن.