هانزی فلیک پەیوەندی بە جولیان ئەلڤارێزەوە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایان کردووە کە هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی بارسێلۆنا، پەیوەندیی بە جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینییەوە کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ رازیکردنی بە پڕۆژەکەی 'بلاوگرانا' تاوەکو لە گواستنەوەکانی هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکەن.
هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاشکرایانکردووە "سەبارەت بە جولیان ئەلڤارێز هیچ شتێک نەگۆڕاوە، یاریزانەکە تەنیا سەرنجی لەسەر یارییەکانی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگە".
هەروەها دەڵێن "بارسێلۆنا هێشتا بە تووندی گوشار دەکات بۆ گواستنەوەی، سەرەڕای ئەوەی دەزانن گرێبەستەکە لەڕووی داراییەوە زۆر قورسە. هەموو دەرگاکان سەبارەت بە جولیان ئەلڤارێز کراوەن، بەڵام بڕیاری کۆتایی ئێستا نادرێت".
بارسێلۆنا تەنیا یانە نییە کە ئارەزووی گواستنەوەی ئەلڤارێز دەکات، بەڵکو یانەکانی ئارسیناڵی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسیش کێبڕکێیەکی تووندی لەسەر دەکەن.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە هاوینی 2024ـدا تواناکانی ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییەی لە یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزییەوە بەدەستهێنا، ئەمەش بەرامبەر 70 ملیۆن یۆرۆ، جگە لە 20 ملیۆن یۆرۆی دیکە وەک گۆڕانکارییەکان.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا، ئاتلێتیکۆ مەدرید رێگە نادات یاریزانە بەهرەمەندەکەی بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ یانەکە جێبهێڵێت.
جولیان ئەلڤارێزی تەمەن 26 ساڵ، لە 104 یارییدا بەدرێسی یانە ئیسپانییەکەوە یاری کردووە، تێیاندا 48 گۆڵی تۆمارکردووە و 17 ئەسیستی هەبووە.