بۆمب.. ئێمباپێ داوای راهێنەرێکی سوپەر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، سوپرایزێک ئاشکرا دەکەن و دەڵێن "کیلیان ئێمباپێ داوای لە کارگێڕیی یانەی پاریس سانجێرمان کردووە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تیپەکەیان بە پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی راسپێرن".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی بە بەرپرسانی یانەکەی گوتووە، بە رۆیشتنی ماورێسیۆ پۆچێتینۆ حەزدەکات پێپ گواردیۆلا ببێتە راهێنەری.
وەک سەرچاوەکانی هەواڵ باسی دەکەن، ئەستێرەی فەرەنسی کە تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریسی نوێکردووەتەوە، بەرلەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، کۆمەڵێک مەرجی بۆ کارگێڕیی ئەو یانەیە داناوە و ئەوانیش بە هەموو مەرجەکانی رازی بوونە لەپێناو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن کە ئێمباپێ سەرەتا داوای کردبوو زینەدین زیدان بکرێتە راهێنەری یانەکە، بەڵام ئەفسانەی فەرەنسی ئەو داوایەی رەتکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا.
تەنانەت هەندێک سەرچاوە باس لەوەش دەکەن، کە ئەگەری هەیە پۆچێتینۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ پاریس سانجێرمان بەردەوام بێت و ئێمباپێش داوایکردووە بۆ وەرزی 2023 ـ 2024 پێپ گواردیۆلا بکرێتە راهێنەری پاریس سانجێرمان، کە ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی لە هاوینی 2023 کۆتایی دێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئێمباپێ پێیوایە گواردیۆلا باشترین راهێنەری جیهانە و ئەو دەتوانێت پەرە بە شێوازی یاریکردنی بدات و بیکاتە یاریزانێکی باشتر.
میدیای فەرەنسا ئاشکرایکردووە کە مووچەی ساڵانەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان 50 ملیۆن یۆرۆ دەبێت، 100 ملیۆن یۆرۆشی وەک پاداشت وەرگرتووە، دەشڵێن "ریال مەدرید زیاتری پێدەدا، بەڵام ئەو پڕۆژەکەی پاریس سانجێرمانی هەڵبژارد".
سەرەڕای ئەوەی ئێمباپێ پێشتر رایگەیاند کە دەستتێوەردان لە کاری یانەکەی ناکات، بەڵام هەندێک سەرچاوەی رۆژنامەڤانی سوورن لەسەر ئەوەی کە بەپێی رێککەوتنی نوێ، کیلیان لە دیاریکردنی راهێنەر پرسی پێدەکرێت، هەروەها ئیمباپێ لە هێنانی بەڕێوەبەری وەرزشیی نوێی یانەکە پرسی پێدەکرێت، هەروەها لە بەڕێکردنی یاریزانان و هێنانی یاریزانی نوێدا رەزامەندی کیلیان پێویستە.