لێدوانی مۆرینیۆ سەبارەت بە بردنەوەی نازناوی کۆنفرانسلیگ

رووداو دیجیتاڵ

 

جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی رۆما، دوای بردنەوەی نازناوی کۆنفرانسلیگ، دووپاتیکردەوە کە ئەو بە بردنەوەی ئەم نازناوە مێژووی بۆ خۆی و یانەکەی پایتەختی رۆما تۆمارکردووە، گوتیشی "من 100٪ رۆمانیستام و لێرە ناڕۆم".
 
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، هەردوو یانەی رۆمای ئیتاڵی و فاینۆرد رۆتێردامی هۆڵەندی لە تیرانای پایتەختی ئەڵبانیا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و یانە ئیتاڵییەکە 1-0 یارییەکەی بردەوە و بووە پاڵەوان.
 
جۆزێ مۆرینیۆ، لە دوای یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەمشەو مێژوومان بۆ ئەم یانەیە نووسییەوە، زەحمەت بوو ئەم سەرکەوتنە بەدەستبێنین، بەڵام ئامانجمان بردنەوە بوو".
 
مۆرینیۆ زیاتر گوتی "کۆنفرانسلیگ پاڵەوانێتییەک بوو هەر لە سەرەتاوە هەستمان بەوە دەکرد کە دەکرێت نازناوەکەی ببەینەوە، دواتر هەندێک تیپی بەهێز هاتن بۆ رکابەری لەسەر نازناوەکە و ئاسان نەبوو نازناوەکە ببەیتەوە، ئەم سەرکەوتنە لە مێژووی رۆما و منیشدا دەمێنیتەوە".
 
ئەو دووپاتیشیکردەوە کە لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت و گوتی "من لە رۆما دەمێنمەوە، هیچ گومانێک لەسەر ئەوە نییە، هەستدەکەم من 100٪ رۆمانیستام، تەنانەت ئەگەر پڕوپاگەندەش هەبن من هەر لێرە دەمێنمەوە، من دەمەوێت لە رۆما بمێنمەوە".
 
سەبارەت بە پلانی داهاتووشیان، مۆرینیۆ گوتی "ئێستا دەبێت لەوە تێبگەین کە چیمان دەوێت و ئامانجەکانمان بۆ وەرزی داهاتوو دیاری بکەین، زۆر شت لە مێشکمدا هەن، من بەر لە 11 مانگ هاتوومەتە رۆما، کە لەگەڵ گەیشتنم هەستێکی تایبەتم هەبوو".
 
راهێنەری پۆرتوگالی پەسنی خۆیشی دا و گوتی "من هاوشانی فێرگسۆن و تراپاتۆنی، تەنیا راهێنەرین لە 3 دەیەدا نازناو ببەینەوە، ئەوە واملێدەکات هەست بەوە بکەم کە کەمێک پێشکەوتووم، ئەوە جوانە بۆ کاروانی خۆم، ئێستاش دەچمە پشوو".