ئەنچێلۆتی گەیشت و سەرۆکی فیدراسیۆن گۆڕدرا
رووداو دیجیتاڵ
سامیر شاود، سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل بەڵێنیدا متمانە لەنێو فیدراسیۆنەکەدا دروست بکاتەوە، پاشئەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنەکەی وەرگرت.
شاود، بەدەنگی 25 فیدراسیۆنی نێوخۆیی بەرازیل لە کۆی 27 فیدراسیۆنی وڵاتەکە، سەرۆکایەتی رێکخراوەکەی وەرگرت، پاشئەوەی هەفتەی پێشوو، دادگای بەرازیل، ئێدنالدۆ رۆدریگێزی سەرۆکی پێشووی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و بە ساختەکردنی بەڵگەنامەکان تۆمەتباری کرد.
شاود لە کاتی دەستبەکاربوونیدا وەک سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دەستبەجێ پێشوازی لە دەستنیشانکردنی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەڕاهێنەری سیلیساو دەربڕی و گوتی، "پیرۆزبایی لە هاتنی ئەنچێلۆتی دەکەین، هیوادارین هاتنی ئەو ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی یاریزانەکانمان و وزەی نەتەوەکەمان، بگاتە بەدەستهێنانەوەی ئەو نازناوی مۆندیالەی زۆر خەونی پێوە دەبینن".
ئەو گوتی، هیواخوازم جارێکی دیکە بەرازیلییەکان شانازی بەهەڵبژاردەکەیانەوە بکەنەوە پاش ساڵانێکی بەرچاو لە بێئومێدی.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری 65 ساڵی ئیتاڵی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتە بەرازیل و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی نوێی فیدراسیۆنەکە کۆببێتەوە و پاشان بەمیدیاکان بناسێنرێت، تاوەکو لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکارببێت.
شاود دەڵێ وێنەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل لەماوەی رابردوودا زیانی زۆری بەرکەوتووە، بێمتمانەیی و ناکۆکیی بەسەریدا زاڵبووە.
وێڕای بەڵێنی نوێکردنەوەی فیدراسیۆنەکە، ئەو سەرۆکە نوێیە بەڕوونی ئاماژەی بەو سکانداڵانە نەدا کە لەماوەی رابردوودا لە فیدراسیۆنەکەدا روویاندا و بەهۆیەوە رۆدریگێز لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
شاود ئاماژەی بەوەداوە کە پێشینەی سەرۆکایەتییەکەی بەشێکی بریتی دەبێت لە رێکخستنەوەی تۆپی پێی بەرازیل و خولە نێوخۆییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ناوبژیوانان.
ئەو هەروەها بەڵێنیداوە رێوشوێنی پێویست بۆ نەهێشتنی رەگەزپەرستی لە یاریگەکاندا بگرێتە بەر و بایەخی زیاتر بداتە تۆپی پێی ئافرەتان، لەگەڵ زیادکردنی وەبەرهێنان و فراوانکردنی پاڵەوانێتییەکانی تایبەت بەخانمان.