ئەستێرەیەکی بەنێوبانگ تووشی جەڵتەی دڵ بوو
رووداو دیجیتاڵ
تۆماس رۆزیسکی، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی چیک و یانەی ئارسیناڵ تووشی جەڵتەی دڵ بووە و بەو هۆیەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
یانەی سپارتا پراگی چیکی، کە رۆزیسکی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکەیە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "دوای ئەوەی لە سێشەممەی رابردوودا خرایە ژێر چاودێری و لە نەخۆشخانە خەوێنرا، رایدەگەێنین کە رۆزیسکی تووشی جەڵتەی دڵ بووە، بەڵام پێویست بە نەشتەرگەری ناکات و بارودۆخی تەندروستیی باشە."
رۆزیسکی لەبارەی نەخۆشییەکەیەوە گوتی "ئەم دۆخە پێشانیدام کە پێویستە باشتر ئاگاداری خۆم بم، خووی خراپی شێوازی ژیان و کەمی چالاکیی جەستەیی و مەیلی خێزانیی منی گەیاندە ئێرە."
ئەستێرەی پێشووی یانەی ئارسیناڵ دەڵێت "هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە چاوەڕواندەکرێت بەتەواوی چاکببمەوە، هەرچەند ئێستا ناتوانم بەرپرسیارەتییەکەم وەکو بەڕێوەبەری وەرزشی جێبەجێ بکەم، لەگەڵ هاوکارەکانم لە پەیوەندیدا دەمێنمەوە و وەکو تیمێک لە کارکردن بەردەوام دەبین."
یانەی سپارتا پراگ لە راگەیێنراوەکەیدا پاڵپشتیی خۆی بۆ بەڕێوەبەرەکەی دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت "لەگەڵت دەمێنینەوە."
تۆماس رۆزیسکی ئێستا تەمەنی 44 ساڵە، پێشتر لە یانەکانی سپارتا پراگ، بۆرووسیا دۆرتموند و ئارسیناڵ یارییکردووە و لە وەرزی 2016-2017 بۆ دوایینجار بەدرێسی سپارتاوە دەرکەوت و ماڵئاوایی لە یاریگەکان کرد.
یاریزانەکە لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی چیک یاریی بۆ هەموو تیپەکان کردووە و لە تیپی یەکەمی هەڵبژاردەکەدا ماوەی 16 ساڵ لە 2000 تاوەکو 2016 بەردەوامبووە و لە 105 یارییدا 23 گۆڵی تۆمارکردووە.