ڤیدیۆ؛ سپۆرتینگ بە سەرنجڕاکێشترین شێوە بووە پاڵەوان

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە باڵادەستیی خۆی بەسەر یانەی بێنفیکادا دووبارەکردەوە و بەشێوەیەکی دراماتیکی جامی پۆرتوگالی بەدەستهێنا.
 
یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو یانە لە یاریگەی ناسیۆنال بەڕێوەچوو و رکابەرییەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینی، دوای چەند هێرشێک لە خولەکی 47 ئورکون کۆکچو گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی بێنفیکا تۆمارکرد.
 
دوای ئەوە بێنفیکا گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، بەڵام ناوبژیوان گەڕایەوە بۆ ڤار و گۆڵەکەی رەتکردەوە.
 
لە خولەکەکانی کۆتایی کاتی ئاسایی یارییەکەدا، لێدانێکی سزا بۆ سپۆرتینگ هەژمارکرا، ڤیکتۆر یۆکێرێش سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و ئەنجامەکەی بۆ یانەکەی یەکسانکردەوە، کاتی ئاسایی یارییەکە کۆتاییهات و هەردوولا پەنایان بردە بەر کاتی زیادکراو.
 
لە خولەکی 99 کۆنراد هاردەر گۆڵی دووەمی بۆ یانەی سپۆرتینگ تۆمارکرد.
 
لە دوایین خولەکی یارییەکەشدا فرانسیسکۆ ترینکاو گۆڵی سێیەمی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و بێنفیکای بەتەواوی بێهیوا کرد، یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتاییهات، یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنە بووە پاڵەوانی جامی پۆرتوگال.
 
بردنەوەی نازناوی جامی پۆرتوگال لەلایەن سپۆرتینگەوە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر یانەکە رکابەریی بردنەوەی خولی پۆرتوگالی بە جیاوازیی خاڵێک لە بێنفیکا بردەوە.