لاپۆرتا بە بریارێک لامین تووڕە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسیلۆنا بە بڕیارێک لامین یامالی ئەستێرەی لاوی یانەکە بێزار و تووڕە دەکات!
 
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، یانەی بارسێلۆنا بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی داوە و ئەستێرە لاوەکەی لامین یامالی بێهیوا کردووە، کە پەیوەندی بە هاوڕێیەکی یامالەوە هەیە.
 
ئەوانەی نزیکن لە یانە کەتەلۆنییەکە ئاشکرایانکردووە کە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەک هەوڵ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ نیکۆ ویلیامزی یاریزانی یانەی ئاتلێتیک بیلباو و هاوڕێی نزیکی یامال لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا نەکاتەوە، ئەمەش لامینی بێهیوا کردووە و تووڕەیە.
 
لە هاوینی رابردوودا بارسێلۆنا زۆر هەوڵیدا گرێبەست لەگەڵ نیکۆ ویلیامز بکات، بەڵام ئەو یاریزانە رەتیکردەوە و رایگەیاند کە دەیەوێت لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو بەردەوام بێت.
 
ئەم وەرزە لەسەر ئاستی ناوخۆدا بارسێلۆنا سەرکەوتوو بوو، هەرسێ نازناوی ناوخۆیی بەدەستهێنا، کە بریتین لە لالیگا، جامی شا و جامی سوپەری ئیسپانیا، سەرەڕای ئەوەی لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگدا لە یارییەکی زۆر مشتومڕاویدا بەرامبەر ئینتەرمیلان دەرکرا.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە و دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی چەندین هەڤپەیڤینی میدیایییان ئەنجامداوە و باسیان لە چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە تیپەکەوە کردووە، لەوانە گرێبەستە ئەگەرییەکانی گواستنەوە و ناوی ئەو یاریزانانەی کە ئەگەری جێهێشتنی یانەکەیان هەیە، بەڵام لێدوانێکی تایبەت کاریگەری تایبەتی لەسەر لامین یامال هەبوو.
 
لاپۆرتا سەبارەت بە داهاتووی گواستنەوەی یاریزانانی یانەکە روونیکردەوە کە بارسێلۆنا هیچ پلانێکی نییە بۆ گواستنەوەی نیکۆ ویلیامز لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا. ئەوەشی دووپاتکردەوە کە هاوینی رابردوو ئەو یاریزانە بژاردەیەک بووە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە بڕیاریداوە چیدی بیر لەو یاریزانە نەکەنەوە و بەدوای یاریزانی دیکەدا بگەڕێن.
 
ئەم راگەیاندنە بۆ لامین یامال ئاسان نەبوو، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە بەهێزەکەی لەگەڵ نیکۆ ویلیامز لەنێو یاریگا و دەرەوەی یاریگادا، کە ئەم دووانەیە بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا یارییان کرد و پێکەوە نازناوی پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024ـیان بەدەستهێنا.
 
لە زیاتر لە بۆنەیەکدا، چ بەشێوەیەکی تایبەت و چ بەشێوەیەکی گشتی، یامال خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ یاریکردن لەپاڵ ویلیامز لە بارسێلۆنا، هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێی باشترە نیکۆ لە ژووری جلگۆڕینی یانە کەتەلۆنییەکەدا بێت نەک بچێتە ریال مەدرید.
 
بایەخپێدانی ریال مەدرید بە نیکۆ ویلیامز دەستیکردووە بە دروستکردنی نیگەرانییەکان لەناو بارسێلۆنادا، بەتایبەتی کە لە ڤاڵدێبیباسدا وەک یاریزانێکی گرنگ بۆ داهاتووی یانەکە سەیر دەکرێت، هەرچەندە هێستا هیچ هەوڵێکی فەرمی لەلایەن یانەی شاهانەوە بۆ ئەو یاریزانە نییە.