بەلجیکاش گەیشتە قۆناخی هەشتی یۆرۆی 2016


رووداو - هەولێر


هەڵبژاردەی بەلجیکا خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی هەنگاریا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر.


هەردوو هەڵبژاردەی لەسەر یاریگەی مونیسیپاڵ لە شاری تۆلۆز رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئەستێرەکانی بەلجیکا توانیان خۆیان بگەیێننە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.

لە خولەکی 10 تۆبی ئالدیرفیر بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەمی بۆ بەلجیکییەکان تۆمارکرد و گێمی یەکەم هەر بەو گۆڵە کۆتایی هات.



لە گێمی دووەمدا هەرچەند ئاستی یارییەکە گۆڕا و هەڵبژاردەی بەلجیکا توانیی ئاستێکی بەرز پێشکەشبکات و لە خولەکی 78 میچی پاچوای گۆڵی دووەمی تۆمارکرد، دوای تەنیا یەک خولەک ئیدین  هازارد گۆڵی سێیەمیشی بۆ بەلجیکییەکان تۆمارکرد، پێش کۆتایی هاتنی یارییەکەش بە سێ خولەک یانیک کاراسکۆ گۆڵی چوارەمیشی تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە.





لە قۆناخی داهاتووشدا بەلجیکا رووبەڕووی هەڵبژاردەی وێلز دەبێتەوە.