ئەلۆنسۆ هەواڵە ناخۆشەکەی راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، گەڕایەوە نێو مەشقەکانی یانەی ریال مەدرید و لە دوایین ئامادەکارییەکانی یانەکەدا بۆ یاریی بەرامبەر سالزبۆرگ دەرکەوت، بەڵام بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
دوای ئەوەی لە دوو یاریی رابردووی مۆندیالی یانەکاندا نەیتوانی بەشداری بکات، بەهۆی ئەو نەخۆشییەی تووشی بووبوو، جارێکی دیکە ئێمباپێ گەڕایەوە نێو مەشق و راهێنانە بە کۆمەڵەکانی یانەی ریال مەدرید و بەشداریی لە مەشقەکاندا کرد.
ریال مەدرید بەرەبەیانی رۆژی هەینی دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر یانەی سالزبۆرگی نەمسایی ئەنجامدەدات و پێویستی بەبردنەوە یان یەکسانبوون هەیە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان.
چابی ئەلۆنسۆ لەبارەی بەشداریکردنی ئێمباپێ لە یارییەکەدا گوتی "دڵخۆشم ئێمباپێم لەنێو یاریگەدا بینی و گەڕایەوە، بەڵام ناتوانێت بەشداری لە یارییەکەدا بکات."
راهێنەری ریال مەدرید زیاتر گوتی "پێمباشە ئێمباپێ بۆ قۆناخی 16 ئامادەبێت و خەریکە چاکدەبێتەوە."
کیلیان ئێمباپێ لە سەرەتای پاڵەوانێتییەکەدا تووشی دۆخێکی نەخوازراو بوو و بەهۆی هەوکردنی گەدە و ریخۆڵەوە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و دوای ئەوەش لەژێر چاودێری پزیشکەکانی ریال مەدریددا لە شوێنی مانەوەی یانەکە بەتەنیا راهێنانی پێ دەکرا، بەو هۆیەوە یاریزانەکە بەرامبەر هەردوو یانەی هیلال و پاچوکا یاریی نەکرد و بۆ یاریی سێیەمیش ئامادەنییە.
ریال مەدرید لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە، بە یەکەمی کۆمەڵەی هەشتەم سەردەکەوێت و بەرامبەر دووەمی کۆمەڵەی حەوتەم یاری دەکات، کە یەکێک لە مانچێستەر سیتی یان یوڤێنتوس دەبێت.
یارییەکەی ریال مەدرید و سالزبۆرگ بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 04:00 دەکرێت و بە ئەنجامدانی ئەم یارییە، قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان کۆتاییدێت.