جامی رۆژئاوا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا، پاڵەوانێتییەکی تۆپی پێ لە ئەڵمانیا بە ناوی جامی رۆژئاوا رادەگەیێنێت و رۆژی یەکشەممە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات.
 
جودی عەفرین، گوتەبێژی فەرمی پاڵەوانێتییەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاڵەوانێتییەکە لەژێر ناونیشانی "وەرزش کۆماندەکاتەوە" بەڕێوەدەچێت، سێ یانە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن، ئەوانیش هەڵبژاردەی عەفرین، هەڵبژاردەی کۆبانێ و هەڵبژاردەی قامیشلۆن."
 
جودی بە رووداوی گوت "ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا پاڵەوانێتییەکی لەمشێوەیە بۆ یانەکانی رۆژئاوای کوردستان رێکدەخرێت، پێشتر نە لە سووریا و نە لە دیاسپۆرا هیچ پاڵەوانێتییەکی لەمشێوەیە نەکراوە و ئامانجمان لە یەک نزیککردنەوەی کوردانی دیاسپۆرایە لە رێگەی وەرزشەوە."
 
گوتەبێژی پاڵەوانێتییەکە دەڵێت "چاوەڕوانییەکی زۆر بۆ رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە هەیە، ئامادەکارییەکی زۆر کراوە، رۆژی یەکشەممە یەکەم یاریی پاڵەوانێتییەکە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عەفرین و قامیشلۆ دەستپێدەکات، کوردانی دیاسپۆرا بانگهێشتکراون بۆ ئامادەبوون لە پاڵەوانێتییەکەدا و بە ئاڵای کوردستانەوە هەڵبژاردەکان بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن."
 
بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتی جامی رۆژئاوا کەرنەڤاڵێکی هونەری رێکخراوە، بڕگەی میوزیک و سەماکردن ئەنجامدەدرێت و کۆما زوزان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە بانگهێشتکراوە.
 
بەپێی یاسای پاڵەوانێتییەکە هەر نیوەیەک 35 خولەکە، لە هەر تیپێک 11 یاریزان یاری دەکەن، پاڵەوانێتییەکە لە یەک رۆژدا تەواو دەکرێت، هەرسێ تیپی بەشدار رووبەڕووی یەکدەبنەوە و ئەو هەڵبژاردەیەی زۆرترین خاڵ لە هەرسێ یاری کۆدەکاتەوە دەبێتە پاڵەوانی پاڵەوانێتییەکە.
 
جودی عەفرین، گوتەبێژی پاڵەوانێتییەکە دەڵێت "ئەوەی لە پاڵەوانێتییەکەدا نازناو بباتەوە، وەکو پاڵەوانی رۆژئاوا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."