نهێنیی ئاستی بەرزی یانەکانی بەرازیل لە مۆندیالی یانەکان

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆی چوار یانەی بەرازیلی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان، هەر چوار یانە گەیشتوونەتە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە و ئەوەش وەک پێشبینینەکراو لە جیهاندا تەماشا دەکرێت.
 
سبەی هەینی، قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان کۆتاییدێت، بەڵام لە ئێستاوە هەر 4 یانە بەرازیلییە بەشداربووەکە کە بریتین لە فلۆمینێنسی، بۆتافۆگۆ، پاڵمێراس و فلامینگۆ، سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی 16 مسۆگەر کردووە، ئەمەش بووەتە جێی سەرنجی جیهان و هەمووان سەرسامن بەو ئاستە بەهێزەی یانەکانی ئەو وڵاتە.
 
گەرمترین پرسیار ئەوەیە، بۆچی بەرازیلییەکان ئەوەندە بەهێز دەرکەوتوون لە مۆندیالەکەدا؟ چەند هۆکارێکی سەرەکی هەیە بۆ باشتر دەرکەوتنی بەرازیلییەکان و دەکرێت ئەوانە وایانکردبێت بەو شێوەیە بدرەوشێنەوە.
 
سەرجەم یانە بەرازیلییەکان پاڵەوانن
 
خولی بەرازیلی تاکە خولە لە جیهان، 4 یانەی بەشداربووی هەبێت لە مۆندیالی یانەکان، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەر 4 یانەکە، لە 4 ساڵی رابردوودا، براوەی پاڵەوانێتیی کۆپا لێبێرتادۆرێس بوون و بەو شێوەیە سەرکەوتوون، بەبێ رەچاوکردنی کورسیی تایبەتی وڵاتەکەیان.
یانەی پاڵمێراس براوەی کۆپا لێبێرتادۆرێسی 2021 بووە، فلامینگۆ براوەی کۆپا لێبێرتادۆرێسی 2022 بووە، فلومینێنسی براوەی کۆپا لێبێرتادۆرێسی 2023 بووە و بۆتافۆگۆ براوەی کۆپا لێبێرتادۆرێسی 2024 بووە.
واتە ئەم یانانە وەک پاڵەوانی کیشوەرەکانیان گەیشتوون بە مۆندیالی یانەکان و لە لووتکەی ئاستیاندا بوون، هەر بۆیەش دەکرێت ئەوە هۆکارێکی سەرەکیی ئەو دەرکەوتنە بەهێزەی ئەوان بێت لە مۆندیالی یانەکان.
 
یانەکانی بەرازیل پێکهاتەی پڕ و تۆکمەیان هەیە
 
بەرازیل، بەوە ناسراوە کە وڵاتێکی پڕە لە یاریزانی بەهرەدار و ناوازە، ئەوەش وایکردووە یانەکان بەشێوەیەکی ئاسانتر توانای گەیشتنیان هەبێت بە یاریزانی بەتوانا و بەهرەدار، بە نرخێکی کەمتر لەوەی یانە ئەورووپییەکان پێویستە بیدەن، چونکە ئەکادیمیای یانە بەرازیلییەکان دەتوانن راستەوخۆ و بەشێوەیەکی ئاسانتر بگەنە ئەو بەهرە درەوشاوانەی لە شەقامەکان و یارییە میلییەکانی خولە نافەرمییەکانی وڵاتەکە دەدرەوشێنەوە و دەردەکەون. جگە لەوەش، بەشێکی زۆری ئەو یاریزانانەی کە لە ئەورووپا درەوشاوە بوون و ئەزموونێکی باشیان هەبووە، گەڕاونەتەوە و سەرکردایەتی ئەو یانە بەرازیلییانە دەکەن، ئەم تێکەڵەیە وایکردووە یانە بەرازیلییەکان پێکهاتەیەکی قوڵ و تۆکمەیان هەبێت، لە هەمان کاتدا هێز و وزەی گەنجانە تێکەڵی ئەزموونی یاریزانە گەورەکان کراوە.
 
یارییەکان لە ناوەڕاستی وەرزی بەرازیلدا بەڕێوەدەچن
 
وەرزەکانی خولی بەرازیلی جیاوازن لە ئەورووپا، لە هەمان ساڵدا دەستپێدەکەن و لە هەمان ساڵدا تەواو دەبن، بۆ نموونە، خولی بەرازیلی ئەم وەرزە، لە 29/3/2025 دەستیپێکردووە و لە 21/12/2025 کۆتاییدێت، ئەمەش وایکردووە بە پێچەوانەی یانەکان ئەورووپا، کە دوای کۆتاییهاتنی وەرزێکی توند و بەهێز، هاتوون یارییەکانی مۆندیالی یانەکان دەکەن، یانەکانی بەرازیل تەنیا 12 یارییان لە خولی بەرازیلی و 6 یارییان لە کۆپا لێبێرتادۆرێس ئەنجامداوە، بەوشێوەیە، ئەوان ئامادەترن لە رووی توانای جەستەییەوە، کەمتریش هەست بەماندووێتی دەکەن.
 
یانەکانی بەرازیل ئەزموونێکی زیاتریان هەیە لە مۆندیالی یانەکان
 
ئەو 4 یانە بەرازیلییەی ئەم وەرزە لە مۆندیالی یانەکانن، لە دوایین 4 ساڵدا، لانیکەم جارێک لەو پاڵەوانێتییە بەشداربوون، ئەمە وایکردووە ئەزموونێکی باشتریان هەبێت لە هەڵسوکەوت لەگەڵ شێوازی یاریکردنی وڵات و کیشوەرە جیاوازەکان. لە کاتێکدا، تەنیا 3 یانەی ئەورووپی لە دوایین 4 ساڵدا لە پاڵەوانێتییەکە بەشداربوون، دوایینجار یانەیەکی وەکو ئینتەرمیلان بەشداریی لە مۆندیالی یانەکاندا کردبێت، پێش 15 ساڵ بووە، یانەکانی بۆرووسیا دۆرتموند، پاریس سانجێرمان، یوڤێنتوس، سالزبۆرگ، بێنفیکا، ئاتلێتیکۆ مەدرید و پۆرتۆ، یەکەمجارە لە پاڵەوانێتییەکی کیشورەیی دەرەوەی ئەورووپا بەشداربن، ئەوەش وایکردووە ئەزموونی ئەو یانانە کەمتر بێت لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ شێواز و بیری وەرزشیی جۆراوجۆردا، بەپێچەوانەوە، لەبەرئەوەی یانە بەرازیلییەکان پێشتر بەشدارییان لە پاڵەوانێتیی هاوشێوەی مۆندیالی یانەکان کردووە و بەشێکی یاریزانەکانیان پێشتر لە ئەورووپا ئەزموونیان هەبووە، توانایەکی زیاتری خۆگونجاندنیان لەگەڵ هەلومەرجە جیاوازەکان هەیە.
 
هاندەران و کەشوهەوای یاریگەکان
 
لەبەرئەوەی بەرازیل نزیکترە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، کە پاڵەوانێتییەکە لەوێ ئەنجامدەدرێت، هاندەرانی یانە بەرازیلییەکان بەشێوەیەکی ئاسانتر دەگەن بەو وڵاتە، ئەوانیش بەشێوەیەکی تایبەت، یاری بە یاری، لەگەڵ یانەکانیان بوون و یارمەتیدەر بوون لەوەی پشتگیریی یاریزانەکان بکەن بۆ ئەوەی باشترین ئاستی خۆیان پێشکێش بکەن.
کەشوهەوای یاریگەکان و بەرزیی پلەی گەرما، لە ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر ئاستی یانەکانی ئەورووپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا هەبووە، گلەیی و گازەندەیەکی زۆر لە شێواز و کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان کراوە، بەڵام ئەو کەشوهەوایە بەگوێرەی یانەکانی ئەمریکای باشوور و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاساییە و هەر ئەو هەلومەرجە ئاساییە کە پێشتر تێیدا یارییان کردووە، بۆیە بەشێوەیەکی ئاسانتر لەگەڵی راهاتوون و سەرکەوتوو بوون لەوەی سوودمەند بن لێی.
 
ئەم هۆکارانە دەکرێت وایانکردبێت یانە بەرازیلییەکان بەشێوەیەکی باشتر لە یانە ئەورووپییەکان و کیشوەرەکانی دیکە دەرکەون و ببنە سوپرایزی پاڵەوانێتییەکە.
 
یانەی پاڵمێراس وەک یەکەمی کۆمەڵەی یەکەم سەرکەوتووە بۆ قۆناخی 16 و لەو قۆناخەدا بەرامبەر بۆتافۆگۆ یارییدەکات، کە دووەمی کۆمەڵەی دووەم بووە، بەوەش یانەیەکی بەرازیلی لە قۆناخی هەشتی مۆندیالەکەیە.
 
فلامینگۆ وەک یەکەمی کۆمەڵەی چوارەم سەرکەوتووە بۆ قۆناخی 16 و رووبەڕووی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەبێتەوە. هەرچی فلومینێنسییە وەک دووەمی کۆمەڵەی شەشەم سەرکەوتووە بۆ قۆناخی 16 و رووبەڕووی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی دەبێتەوە.