کێشەیەک کەوتە بەردەم گواستنەوەی مێسی بۆ هیلال

رووداو دیجیتاڵ

کێشەیەکی گەورە کەوتە پێش پڕۆسەی گواستنەوەی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لیۆنێل مێسی، لە یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکییەوە بۆ یانەی هیلالی سعودیە لە میرکاتۆی هاوینەدا.
 
عەبدولڕەحمان ئەباعود، راگەیاندنکاری بەنێوبانگی سعودی، ئەو قەیرانە گەورەیەی ئاشکرا کرد کە لەوانەیە ببێتە هۆکاری رێگەگرتن لە چوونی مێسی بۆ هیلال و دەڵێت "لیۆ سوورە لەسەر ئەوەی دەبێت چەند یاریزانێک لەگەڵ خۆیدا بباتە سعودی".
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی سعودیە باسیان لە کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراو کردبوو لەنێوان فەهد بن نافل، سەرۆکی یانەی هیلال و خۆرخێ مێسی، باوک و بەڕێوەبەری کارەکانی مێسی  لە ئەمریکا، کە لیۆ لەگەڵ یانەکەی بەشداری لە مۆندیالی یانەکانی 2025 دەکات.
 
گرێبەستەکەی مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت و مافی ئەوەی هەیە لە سەرەتای مانگی یەکی 2026 بەخۆڕایی و بێبەرامبەر بچێتە هەر یانەیەکی دیکە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرپرسانی هیلال دەیانەوێت گرێبەستی مێسی یەکلایی بکەنەوە بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی یانەکەیان، بەتایبەتی کە یاریزانەکە ئێستا ئارەزووی ئەزموونێکی نوێ دەکات و لەوە نزیکبووەتەوە کە لە داهاتوودا لەگەڵ ئینتەرمەیامی بەردەوام نەبێت.
 
لە کاژێرە کەمەکانی رابردوودا، فەهد بن نافل گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ پشتگیریکردنی یانەکەی لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر یانەی پاچۆکا، کە چارەنووسی سەرکەوتنی هیلال بۆ قۆناخی داهاتوو یەکلایی دەکاتەوە.
 
لەلایەکی دیکەوە، ئینتەرمەیامی بەسەرکردایەتی مێسی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەر کردووە و رووبەڕووی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەبێتەوە.
 
عەبدولڕەحمان ئەباعود لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی "کێشەیەک کە رووبەڕووی گواستنەوەی مێسی بۆ هیلال دەبێتەوە، بریتییە لەوەی کە ئەو دەیەوێت چەند یاریزانێکی دیکەش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، هەروەک لە ئینتەرمەیامی کردی و یاریزانانی وەک خۆردی ئەلبا، بۆسکێتس و لویس سوارێزی لەگەڵ خۆی برد. بۆیە ئەگەر بچێتە هیلال، دەبێت بە تەنیا بچێت، لەکاتێکدا وا بڕیارە پەیوەندی بە هیلالەوە بکات کە پێشتر دانوستاندنی لەگەڵدا کردووە".
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، هەندێک دەنگۆ باس لەوە دەکەن کە مێسی نزیک بووەتەوە لە پەیوەندیکردن بە خولی رۆشنی سعودییەوە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری کارەکانی رەزامەندی لەسەر ئەو بابەتە نیشانداوە و گوایە ململانێیەک لەنێوان یانەکانی ئەهلی و هیلالدا هەیە بۆ گواستنەوەی.