ڤیدیۆ راپۆرت؛ دوا وێستگەی پرێمەرلیگ، رکابەرییەکی ئاگرین بۆ چامپیۆنزلیگ


رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، ئەمڕۆ دەگاتە دوا وێستگەی خۆی، هەرچەند نازناوەکە بۆ لیڤەرپوول بوو، بەڵام تا دوا هەناسە، رکابەری بەردەوامە، رکابەرییەک بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، بۆ یەکلاییکردنەوەی بلیتەکانی یۆرۆپالیگ و رکابەری بۆ مانەوە لە خولەکەدا.

سەرجەم یارییەکانی ئەمڕۆی پرێمەرلیگ لە یەککاتدا بەڕێوەدەچن، یاریی لووتکە لە نێوان مانچێستەر یونایتدی سێیەمی ریزبەند و لێستەر سیتی پێنجەم دەبێت، کە یارییەکە لەسەر یاریگەی کینگ پاوەری لێستەر سیتی دەکرێت، ئەو یانەیەی لە یارییەکەدا دەیباتەوە راستەوخۆ دەگاتە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو.

مانچێستەر یونایتد لە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکان، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 10 یارییکردووە و تەنیا یەک یاریی لە جامی ئینگلتەرادا بەرامبەر چێڵسی دۆڕاندووە، ئەمڕۆ یانەکە هەموو هەوڵێکی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بگاتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، کە بەیەکسانبوونیش یانەکە دەگات.

لێستەر سیتی، چەند گەڕێک پێشکۆتاییهاتنی خولەکە لە پلەی سێیەم بوو، بەڵام ئەنجامە خراپەکانی وایکرد یانەکە بگەڕێتەوە دواوە، ئەمڕۆ لەبەردەم یانەکەشدا دوا هەل بۆ گەیشتن بە سەرنجڕاکێشترین پاڵەوانێتی ئەوروپا.

یارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێش، لە ستامفۆرد بریچ دەبێت، چێڵسی چوارەم رکابەری ولڤەرهامتۆن دەکات، بلۆز بۆ چامپیۆنزلیگ و ولڤەریش بۆ یۆرۆپالیگ یەخەی یەکدی دەگرن.

لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکە، چێڵسی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجامەکانی دیکە دەگاتە چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە ئەگەری دۆڕان یان یەکسانبوون دەبێت لێستەر بدۆڕێت.

لە دواوەی ریزبەندی خولەکە، تاوەکو ئێستا تەنیا نۆرویچ سیتی دابەزیووە، ئەمڕۆ سێ یانە دوو بلیتی دابەزین یەکلاییدەکەنەوە، ئەوانیش بۆرنمۆس، واتفۆرد و ئاستۆن ڤێلان، کە بۆرنمۆس بەرامبەر ئێڤێرتۆن، واتفۆرد بەرامبەر ئارسیناڵ و ئاستۆن ڤێلاش بەرامبەر وێستهام یارییدەکات.

ئێوارەیەکی پڕ رکابەری و بەهێز چاوەڕێی پرێمەرلیگە، 90 خولەکی یارییکردن وەڵامی هەموو پرسیارەکان دەدەنەوە.

خشتەی یارییەکانی دوایین گەڕی پرێمەرلیگ

لێستەر سیتی - مانچێستەر یونایتد 18:00
چێڵسی - ولڤەرهامتۆن 18:00
نیوکاسل - لیڤەرپوول 18:00
مانچێستەر سیتی - نۆرویچ سیتی 18:00
ئارسیناڵ - واتفۆرد 18:00
ئێڤێرتۆن - بۆرنمۆس 18:00
ساوسهامتۆن - شیفلد یونایتد 18:00
وێستهام - ئاستۆن ڤێلا 18:00
کریستال پاڵاس - تۆتێنهام 18:00
بێرنلی - برایتۆن 18:00