راپۆرت؛ پرێمەرلیگ تەواوبوو، یونایتد و چێڵسی بۆ چامپیۆنزلیگ و مۆرینیۆش گەیشتە یۆرۆپالیگ
رووداو-هەولێر
یارییەکانی وەرزی 2019-2020ـی پرێمەرلیگ کۆتاییانهات و یانەکانی مانچێستەر یونایتد و چێڵسی گەیشتنە چامپیۆنزلیگ، لێستەر سیتی و تۆتێنهام راستەوخۆ بۆ یۆرۆپالیگ، یانەی ئاستۆن ڤێلاش لە خولەکە مایەوە، بەڵام واتفۆرد و بۆرنمۆس بەفەرمی بۆ چامپیۆنزشیپ دابەزین.
ئۆبامیانگی یاریزانی یانەی ئارسیناڵ دوای ئەوەی دوو گۆڵی تۆمارکرد، بووە گۆڵکەری ئەم وەرزەی خولی ئینگلیزی بە تۆمارکردنی 24 گۆڵ، پێش جەیمی ڤاردی کەوت کە خاوەنی 23 گۆڵە.
یانەی مانچێستەر یونایتد بەشێوەیەکی فەرمی و وەک سێیەم یانەی ئینگلتەرا گەیشتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، ئەویش بە بردنەوەی لە یاریی یەکلاکەرەوەدا بەسەر یانەی لێستەر سیتی بە دوو گۆڵی بێ وەڵام.
کوڕانی سۆڵشایەر بە بردنەوە و یەکسانبوون دەگەیشتنە چامپیۆنزلیگ، لەو یارییە کە زۆر هەستیاربوو بۆ هەردوولا، لە کۆتاییدا شەیتانە سوورەکان گەیشتیان بە چامپیۆنزلیگ یەکلاکردەوە و بە سەرکردایەتی برونۆ فێرناندێز کە گۆڵی یەکەمی یونایتدیی لە خولەکی 71 ـدا بە لێدانی سزا تۆمارکرد، و لە دواخولەکیشدا جیسی لینگارد بە هەڵەی کاسپەر شمایکل گۆڵی دووەمی هێنا، گەیشتنە چامپیۆنزلیگ.
یونایتد پلەی سێیەمی خولەکەی مسۆگەرکرد، بە جیاوازیی گۆڵ پێش یانەی چێڵسی کەوت، لێستەریش کە سەرەتای ئەمساڵ لە پلەی دووەم بوو، لە کۆتاییدا گەیشتە یۆرۆپالیگ و پلەی پێنجەمی بۆ مایەوە.
چێڵسی لە یارییەکی بەهێز شکستی بە یانەی وۆلڤەرهاپتۆن هێنا و راستەوخۆ گەیشتە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای وەرزی داهاتوو.
بلووز لە ستامفۆردبریچ بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ بەرامبەر شکستی بە یانەی وۆلڤز هێنا، هەردوو گۆڵەکەش لە کۆتاییەکانی نیوەی یەکەمدا تۆمارکرا، یەکەمیان ماسۆن ماونت بە لێدانێکی راستەوخۆ کرا و ئەوەی دیکەشیان دوو خولەک دوای گۆڵی یەکەمیان بوو، دوای ئەوەی ماونت ئاسیستی بۆ جیرۆ کرد و ئەویش کردی بە گۆڵەکەی پاتریسیۆدا.
چێڵسی بە پلەی چوارەم و بەکۆی 66 خاڵ، بە جیاوازیی گۆڵ لەگەل مان یونایتد گەیشتە چامپیۆنزلیگ، وۆلڤەرهامپتۆنیش دابەزییە پلەی حەوتەم هیوایەکی کەمی هەیە بۆ ئەوەی بگاتە یۆرۆپالیگ، دەبێت چاوەڕێی شکستی یانەی ئارسیناڵ بێت لە فایناڵی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەرامبەر بە یانەی چێڵسی.
تۆتێنهامەکەی مۆرینیۆش، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی کریستاڵ پاڵاس یەکسانبوو، سوودی لە شکستی وۆلڤەرهامپتۆن وەرگرت و بەفەرمی گەیشتە یۆرۆپالیگ.
سپێرز لەم یارییەدا چاوێکی لە ئەنجامی یارییەکەی وۆلڤز و چێڵسی بوو، چاوێکیشی لەسەر یارییەکەی خۆی، ئەوەبوو بە ئەنجامی 1-1 لەگەڵ کریستاڵ پاڵاسدا یەکسانبوو.
کوڕانی مۆو لە نیوەی یەکەمدا هەرزوو لە رێگەی هاری کەینەوە پێشکەوتن، دواتر لە نیوەی دووەمدا جێفری شلەپ گۆڵی یەکسانبوونی یانەی کریستاڵی هێنا.
تۆتێنهام بەفەرمی چووە پلەی شەشەم و بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ وۆلڤەرهامپتۆن ئەو پلەیەی داگیرکرد و راستەوخۆ بەشداری لە یۆرۆپالیگ دەکات، پاڵاسیش پلەی چواردەی بەرکەوت.
لە یارییەکی دیکەدا یانەی ئارسیناڵ هیواکانی یانەی واتفۆردی بۆ مانەوە لە خولەکە لەگۆڕنا و بەفەرمی ئەو تیپەی دابەزاند بۆ ریزی یانەکانی چامپیۆنزشیپ، دوای ئەوەی یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لێبردەوە.
گەنەرز لە یاریگەی خۆیدا میوانداری یانەی واتفۆردی کرد، لە نیوەی یەکەمدا ئەو یانەیەی بێهیواکرد و سێ گۆڵی لێکرد، دووانیان لەلایەن پیێر ئێمیریک ئۆبامیانگەوە تۆمارکران کە یەکێکیان بە پێناڵتی بوو، گۆڵەکەی دیکەش هەر بە ئاسیستی ئۆبا بوو کە تێرنی کردی، تاکە گۆڵەکەی واتفۆرد لەو گێمەدا بە لێدانی سزا لەلایەن ترۆی دێنییەوە تۆمارکرا، گۆڵی دووەمی واتفۆردیچ دانی ویلبێکی یاریزانی پێشووی گەنەرز هێنای.
لیڤەروولی پاڵەوانی ئەم وەرزەش ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 99 خاڵ و کۆتایی بەم وەرزە هێنا، دوای ئەوەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی نیوکاسڵی بردەوە.
بەبێ سەڵاح، مانێ و فێرمینۆ، کوڕانی کلۆپ دەستیان بەم یارییەکرد، بەڵام هەرزوو لەلایەن دوایت گایلەوە گۆڵی یەکەمیان لێکرا، کەچی ڤێرجل ڤان دایک بە لێدانی سەر ئەنجامەکەی لە خولەکی 38 راستکردەوە، لە خولەکی 59ـدا دیڤۆک ئۆریگی سوودی لە پاسێکی ئاندی رۆبێرتسۆن وەرگرت و گۆڵی دووەمیشی تۆمارکرد، مانێ کە نیوەی دووەم هاتە نێو یاریگەوە، لە دواخولەکی یارییەکەدا بە ئاسیستی فێرمینۆ گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی لیڤەری هێنا.
نیوکاسڵ 44 خاڵی هەیە و لە پلەی 13 مایەوە، لیڤەرپوولیش بە جیاوازیی 18 خاڵ نازناوی ئەم وەرزەی مسۆگەرکرد.
لەلایەکی دیکەوە یانەی مانچێستەر سیتی لەیارییەکی بێ گرنگیدا بەرامبەر بە یانەی نۆرویچ سیتی یاریکرد و بە ئەنجامی پێنچ گۆڵی بێ بەرامبەر شکستی بەو تیپە هێنا کە پێشتر دابەزینی بۆ ریزی یانەکانی چامپیۆنزشیپ مسۆگەرکردبوو.
گابریێل خیسۆس و کیڤن دیبرۆین دوو گۆڵەکەی سیتییان لە نیوەی یەکەمدا تۆمارکرد، کە گۆڵەکەی دیبرۆین بە لیدانێکی زۆر جوان تۆمارکرا لە دەرەوەی ناوچەی سزا، لە نیوەی دووەمیشدا سێ گۆڵی دیکەیان لە رێگەی رەحیم ستێرلینگ، ریاز مەحرز و کیڤن دیبرۆینەوە هێنا و یارییەکەیان 5-0 بردەوە.
مان سیتی پلەی دووەمی خولەکەی یەکلاکردبووەوە و 81 خاڵی هەیە، نۆرویچیش پلەی کۆتایی پرێمەرلیگی بۆ مایەوە بە 21 خاڵ.
هەرچی یانەی بۆرنمۆسیشە دابەزییە چامپیۆنزشیپ، هەرچەندە لە دوا گەڕی خولەکە شکستی بە یانەی شکستی دووچاری یانەی ئێڤێرتۆن کرد، بەڵام بەهۆی یەکسانبوونی ئاستۆن ڤێلا و وێستهامەوە، نەیتوانی بمێنێتەوە و لە پلەی هەژدەیەم مایەوە.
جۆشوا کینگ، دۆمۆنیک سۆلانکێ و جونیۆر ستانیسلاس گۆڵەکانی بۆرنمۆسیان هێنا، بەڵام تاکە گۆڵەکەی ئێڤێرتۆن مۆیس کینی ئیتالی تۆماریکرد.
تۆڤێز پلەی 12ـی خولەکەی بۆ مایەوە و خاوەنی 49 خاڵە، بۆرنمۆسیش بە جیاوازیی یەک خاڵ دابەزی.
ئەوەی بەلای هاندەرانی ڤێلانزەوە خۆشبوو ئەوەبوو کە سوودێکی زۆریان لە دۆڕانی یانەی واتفۆرد وەرگرت و خۆشیان خاڵێکی زۆر گرنگیان لە یانەی وێستهام رفاند و بەفەرمی لە خولەکە مانەوە.
ئاستۆن ڤێلا 1-1 لەگەڵ وێستهام یەکسانبوو، گۆڵەکەی ڤێلانز جاک گریلیش کردی و ئەوەی وێستهامیش یارمۆلینکۆ، بەم ئەنجامەش ئاستۆن ڤێلا پلەی 17ـی خولەکەی وەرگرت و مایەوە.
دوو یاری دیکەش هەبوو لەم گەڕەدا کە گرنگییەکی ئەوتۆیان نەبوو، ئەوانیش یاریی نێوان شیفڵد یونایتد و ساوسامپتۆن بوو کە ساوسامپتۆن 3-1 براوەبوو.
یارییەکەی دیکەش لە نێوان برایتۆن و بێرنلی بوو، برایتۆن 2-1 یارییەکەی بردەوە.