لاپۆرتا دەرگای گواستنەوەکانی داخست؛ نە یاریزانی گرنگ دەفرۆشرێت، نە یاریزان دەکڕدرێت



رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لە لێدوانێکدا لە ژاپۆن، چەندین بابەتی گرنگی پەیوەست بە یانەکەی روونکردەوە، لەوانە پلانی گواستنەوەکان، کێشەی تۆمارکردنی یاریزانان و ئامانجی تیپەکەی بۆ وەرزی داهاتوو.


لاپۆرتا جەختی کردەوە کە یانەکەی هیچ یاریزانێکی گرنگ نافرۆشێت و گوتی: "پێموانییە یاریزانێکی گرنگ بفرۆشین." هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە لە بنەڕەتدا هیچ یاریزانێکی دیکە ناکڕن: "تیپێکی باشمان هەیە و راهێنەر پشت بە یاریزانانی یەدەگ دەبەستێت. ئامانجەکانمان لە بازاڕی گواستنەوەکاندا بەدەستهێناوە."

سەرۆکی بارسا پلانی تیپەکەی بە دێکۆ سپاردووە و دەڵێت: "پلانی تیپەکە لە ئەستۆی دێکۆیە. ئێمە لە هەندێک پێگەدا یاریزانمان زیادە."

لاپۆرتا دانی بەوەدانا کە کێشەی سەرەکییان تۆمارکردنی یاریزانەکانە و گوتی: "پێشتر فشار لەسەر کڕین و فرۆشتن بوو، بەڵام ئێستا فشارەکە لەسەر توانای تۆمارکردنی یاریزانانە."

سەرۆکی بارسێلۆنا باسی هیواکانی بە یاریزانی لاو، روونی بەرداخچی کرد و گوتی: "هیواکانمان بۆ روونی بەرداخچی بەرزە. خێرایە، سەرنجڕاکێشە، ئەو جۆرە یاریزانەیە کە خەڵک چێژ لە سەیرکردنی دەبینن."

سەبارەت بە ئامانجی وەرزی نوێ، سەرۆکی بلوگرانا رایگەیاند: "دەمانەوێت ئەم وەرزە چامپیۆنزلیگ ببەینەوە. لەم دواییانەدا قسەم لەگەڵ یاریزانان کرد، ئەوان دڵخۆشن بە وەرزەکەمان، بەڵام ئەم وەرزە دەیانەوێت ئەوە ببەنەوە کە وەرزی رابردوو نەیانبردەوە."

لە کۆتاییدا، لەبارەی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، خوان لاپۆرتا گوتی: "راستگۆبم، هێشتا نازانم خۆم بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاندید دەکەمەوە یان نا. ئەوەی نیگەرانم دەکات، تۆمارکردنی یاریزانەکان و پرسی یاریگاکەیە."