لاپۆرتا بە هەواڵێکی ناخۆش هاندەرانی بارسێلۆنا تووشی شۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، هاندەرانی یانەکەی تووشی شۆک کرد، کە چاوەڕێی ئەنجامدانی گرێبەستی زیاتر بوون لە بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکە لەژێر سەرپەرشتیی راهێنەری ئەڵمانی، هانزی فلیک.
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ مارکوس راشفۆرد بەشێوەی خواستن، گۆڵپارێز خوان گارسیا و روونی بارداخچی واژۆکردووە.
لاپۆرتا لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا گوتی "گرنگیی سەرەکی و خەمی گەورەمان پاراستنی ئەو تیپە بوو کە وەرزی رابردوو لەگەڵمان بوو، چونکە وەرزێکی مێژوویی بوو. دەمانویست ئەو گیانی کۆمەڵایەتییەی یاریزانەکانمان دروستیان کردبوو بیپارێزین؛ هەر بۆیە تەنانەت سەیری زۆر لەو دەستەوارانەشمان نەکرد کە پێمان گەیشتن".
هەروەها گوتی "راهێنەر داوای هێزی هێرشبەریی زیاتری لێکردین لە هێڵی پێشەوە و لەگەڵ مارکوس راشفۆرد ئەوەمان بەدەستهێنا. هەروەها تێڕوانینی دیکۆ بۆ ئەوەی کە لەوانەیە لەگەڵ تێرشتیگن رووبدات، وایکرد کە بەهێزکردنی پێگەی گۆڵپارێز بەشێوەیەکی نایاب کارێکی یەکلاکەرەوە بێت. خوان گارسیا لە راهێنانەکاندا ئاستێکی سەرسوڕهێنەر پێشکێش دەکات و هاندەرانی بارسێلۆنا سەرسام دەکات".
سەرۆکی بارسا لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی "هەروەها هیوا و ئومێدێکی گەورەمان بە روونی بارداخچی هەیە، چونکە یاریزانێکە پڕە لە جۆش و خرۆش و لەو جۆرەیە کە بینەران چێژی لێدەبینن کاتێک سەیری دەکەن. بەم گرێبەستانە ئێمە ئامانجەکانمان بۆ ئەم وەرزە بەدیهێناوە".
سەبارەت بەئەگەری بەهێزترکردنی ریزەکانی تیپەکە بە یاریزانی نوێ، لاپۆرتا جەختی لەوە کردەوە "ئێستا هیچ گرێبەستێکی دیکە ناکەین، پێکهاتەیەکی تەواومان هەیە و راهێنەر پێی باشترە یاریزان لەناو خودی یانەکەوە زیاد بکات لەڕێگەی سەرخستنی یاریزانان لە تیپی دووەمەوە بۆ تیپی یەکەم. بەڵام لەم قۆناخەدا چاوەڕێی هیچ گرێبەستێکی نوێ ناکەین".
لاپۆرتا دووپاتیکردەوە "لەوانەیە هەندێک فرۆشتنی بچووک ئەنجام بدەین وەک پابلۆ تۆرێ کە پێشوەختە رۆیشتووە و هەندێکی دیکە کە کارەکانیان لە تەواوبووندایە، بەڵام هیچ فرۆشتنێکی گەورە لە ئارادا نابێت تەنانەت ئەگەر دەستەوارەشمان پێبگات، چونکە دەمەوێت گیانی تیپەکە بپارێزم".
هەروەها گوتیشی "دەمانەوێت قەبارەی مووچەکان کەم بکەینەوە و هەندێک کاری دیکەی یانەکە تەواو بکەین بۆ گەڕانەوە بۆ یاسای یەک بە یەک، بەڵام کارەکان بەڕێوەن و دەتوانین یاریزانەکان تۆماربکەین و پابەندی پێوەرە داراییەکانی خولەکە بین".
سەرۆک لاپۆرتا جەختی لەوەش کردەوە "تاوەکو ئێستا بیرم لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو نەکردووەتەوە. ئێستا بیرمان لەسەر تۆمارکردنی ئەو یاریزانانەیە کە گرێبەستمان لەگەڵ کردوون و لابردنی هەموو ئاستەنگەکانە بۆ گەڕانەوە بۆ کامپ نو لە نزیکترین دەرفەتدا".