یامالەکەی هەولێر بووەتە جێگای بایەخی سعودییەکان

رووداو هەولێر 

یانەی ئیتیفاقی سعودی دەیەوێت مستەفا قابیل، ئەستێرەی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بباتە ریزەکانی و رژدە لەسەر بەدەستهێنانی واژۆی ئەو یاریزانە. 
 
مستەفا قابیل، لاوێکی بەهرەمەندی یانەی هەولێرە، وەرزی رابردوو بەهۆی ئەو ئاستبەرزەی پێشکێشی کرد بووە مایەی راکێشانی سەرنجی یانەکانی عێراق و تەنانەت دەرەوەی عێراقیش، کە بەر لە تەواوبوونی خولەکە هەریەک لە یانەکانی گەرمە و جەوییە کەوتنە کێبرکێ بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ لاوەکەی یانەی هەولێر و هەوڵەکانیشیان بەردەوامە. 
 
لەسەر ئاستی دەرەوەش، وەک ئەوەی بەڕێوەبەری کارەکانی مستەفا قابیل بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند، یانەی ئیتیفاقی سعودی پەیوەندییان بەو یاریزانەوە کردووە و دەیانەوێت بە زووترین کات گرێبەستی لەگەڵ واژۆ بکەن.
 
بەڕێوەبەری کارەکانی مستەفا قابیل لەبارەی ئەو دەستەوارانەوە بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "مستەفا قابیل، ماوەی ساڵێک گرێبەستی لەگەڵ یانەی هەولێر ماوە، یانەی گەرمە و جەوییە ئامادەن بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەن و بڕە پارەیەکی باشیان بۆی تەرخانکردووە، یانەی ئیتیفاقی سعودیش داوای گرێبەستکردنی لەگەڵ کردووە".
 
ئێستا مستەفا قابیل لە کەمپی راهێنانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عێراقە لە تونس، ئەو یاریزانە کە عاشقی لامین یامالی ئەستێرەی یانە بارسیلۆنایە و بەخۆی دەڵێت یامالی هەولێرم، هێستا هیچ وەڵامێکی ئەو دەستەوارانەی پێشکێشی کراون نەداوەتەوە.
 
وەک ئەوەی بەڕێوەبەری کارەکانی مستەفا قابیل بە رووداو سپۆرتسی گوت، یانەی ئیتیفاقی سعودی داوای لە مستەفا قابیل، یاریزانی لاوی کورد کردووە کە لە ماوەی 10 رۆژ وەڵامیان بداتەوە و کارەکان بەشێوەیەکی فەرمی بکرێت. 
 
لە ئەگەری چوونی مستەفا قابیل، بۆ یانەی ئیتیفاق دەبێتە دووەم یاریزانی کورد لە دوای یوسف ئەمین، یاری لە خولی رۆشنی سعودی یاری بکات.
 
مستەفا قابیل، خەڵکی هەولێرە و لە ئەکادیمیاکانی بەحرکە، عەنکاوە فێری یاری تۆپی پێ بووە، وەک بەهرەمەندێک یاری بۆ هەڵبژاردەی لاوانی عێراق و تیپی هەولێر بۆ خولی ئەستێرەکانی عێراق کردووە.