وردەکاریی دەستەوارە خەیاڵییەکەی هیلال بۆ ئیزاک
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی وردەکاریی ئەو دەستەوارە خەیاڵییەی ئاشکراکرد کە بەرپرسانی یانەی هیلالی سعودیە خستوویانەتە بەردەم ئەلێکساندەر ئیزاک، ئەستێرەی نیوکاسڵ یونایتد، بۆ ئەوەی رازی بکەن درێسی یانەکەیان بپۆشێت لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، سەرەڕای ئەوەش رەتیکردووەتەوە.
هێرشبەرە سوێدییە تەمەن 25 ساڵەکە، بە یانەی نیوکاسڵی راگەیاندووە کە دەیەوێت بڕوات، ئەمەش دوای ئەوەی یانەکە هەفتەی رابردوو دەستەوارە سەرەتاییەکەی لیڤەرپوولی رەتکردەوە، کە بەهای 120 ملیۆن پاوەندی ئیستەرلینی بوو و دەیتوانی ببێتە گرانترین گرێبەست لە مێژووی بەریتانیادا.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، لەوانەیە ئیزاک داوایەکی فەرمی گواستنەوە پێشکێش بکات بۆ ئەوەی گوشار دروست بکات بۆ پەیوەندیکردن بە پاڵەوانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئیزاک دەستەوارەیەکی خەیاڵی دیکەی لەلایەن هیلالی سعودییەوە پێگەیشتووە کە مووچەکەی ساڵانە 32 ملیۆن پاوەندە، لەگەڵ پاداشتی واژۆکردنی گرێبەستەکە بەبڕی 14 ملیۆن پاوەند و ژمارەیەکی زۆر لە پاداشتی دیکە، بەڵام یاریزانەکە ئارەزووی ئەوە دەکات روو لە یاریگای ئانفێڵد بکات.
ئەو سەرچاوەیە روونیکردووەتەوە کە ئەگەر گرێبەستەکەی قبوڵ بکردایە، یاریزانەکە 3.6 ملیۆن پاوەندی لە هیلال وەردەگرت ئەگەر نازناوی خولی پیشەگەرانی سعودییەی ببردایەتەوە. 3.8 ملیۆنی دیکەشی وەردەگرت ئەگەر خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای بەدەستبهێنایە، لەگەڵ 1.75 ملیۆن پاوەندی دیکە ئەگەر وەرزەکەی وەک گۆڵکاری خولەکە کۆتایی پێبهێنایە.
هەروەها دەستەوارەکە مانگانە 120 هەزار پاوەندی بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی گەشتکردن بۆ خۆی و خێزانەکەی لەخۆگرتبوو، لەگەڵ خانوویەکی تایبەت بە یانەکە کە چوار کارمەندی بەشێوەی بەردەوام ەل خزمەتیاندا دەبوون و شۆفێرێکی تایبەتی 24 کاژێریشی بۆ دابین دەکرا.
هەروەها بەگوێرەی ئەو دەستەوارەیە فڕۆکەیەکی تایبەتی بۆ خۆی و خێزانەکەی دابین دەکرا بۆ هەر جارێک کە بانگهێشتی هەڵبژاردەی سوێد دەکرێت.
ئەم دەستەوارەیە دەیکردە خاوەنی پێنجەم بەرزترین مووچە لە خولی سعودیدا، تەنیا دوای سادیۆ مانێ، کەریم بنزیما، ریاز مەحرەز و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو زیاتر وەریان دەگرت، بەڵام ئیزاک تەنیا چاوی لە لیڤەرپوولە.
یانەی نیوکاسڵ لەلای خۆیەوە رەتیدەکاتەوە گۆڵکاری وەرزی رابردووی بفرۆشێت، کە 27 گۆڵی تۆمارکردبوو، سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی بە گەشتە ئامادەکارییەکەی یانەکەوە نەکرد لە ئاسیا.
یانەکە هەروەها شکستی هێنا لە رازیکردنی بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ بە مووچەی 300 هەزار پاوەند لە هەفتەیەکدا، کە دەیکردە خاوەنی بەرزترین مووچە لە مێژووی نیوکاسڵدا.
نیوکاسڵ ترسی هەیە لەوەی ئیزاک داوایەکی گواستنەوەی فەرمی و نووسراو پێشکێش بکات بۆ ئەوەی یانەکە ناچاربکات رێگەی پێبدات بڕوات.
یانەکە ئێستا بەدوای ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ بنیامین سیسکۆ، هێرشبەری لایپزیگدا دەگەڕێت وەک جێگرەوەیەکی ئەگەری.
نیوکاسڵ پلانی هەیە دەستەوارەیەکی نوێ بەبڕی 35 ملیۆن پاوەند پێشکێشی یانەی برێنتفۆرد بکات بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یوان ویسا، دوای ئەوەی دەستەوارەیەکی پێشووتریان بەبڕی 25 ملیۆن پاوەند رەتکرایەوە.
هۆگۆ ئیکیتیکی، هێرشبەری نوێی لیڤەرپوول، کە گواستنەوەی بۆ نیوکاسڵ رەتکردەوە و رێدزی هەڵبژارد، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەلێکساندەر ئیزاک لەوانەیە لە ئانفێڵد پەیوەندی پێوە بکات.
یاریزانە فەرەنسییەکە لە یانەی فرانکفۆرتەوە بەبڕی 69 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە لیڤەرپوولەوە کردووە و ئارنی سلۆتی راهێنەریش دەیەوێت ئیزاک ببێتە بەشێک لە هێڵی هێرشبردنی نوێی یانەکە لە تەنیشت محەممەد سەڵاح و فلۆریان ڤێرتز.