سەرۆکی ریال مەدرید لە ئەنجامدانی گرێبەستە زێڕینەکە بێهیوا نەبووە

رووداو دیجیتاڵ

 

مەرجێکی قەدەخەکراو سەرنجی ریال مەدرید بۆ گرێبەستە زێڕینەکە رادەکێشێت و لەوانەیە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی شاهانە پلانێکی توکمە دابنێت بۆ ئەوەی بۆمبە هەر گەورەکە بتەقێنێتەوە.
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هێشتا هیواى لەدەستنەداوە بۆ گواستنەوەی ڤیتینیا، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی پاریس سانجێرمان و هەڵبژاردەی پۆرتوگال، کە دەرفەتێکی هاتووەتە پێش لە هاوینی داهاتوودا ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە "ریال مەدرید هێشتا کۆڵی نەداوە لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو ئەستێرە نێودەوڵەتییە پۆرتوگالییە".
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بە بوونی مەرجێکی هەڵوەشاندنەوە لە گرێبەستەکەی ڤیتینیادا کردووە کە بڕەکەی 90 ملیۆن یۆرۆیە و دەتوانرێت لە هاوینی ساڵی 2026 کارا بکرێت.
 
ئەو سەرچاوەیە زیاتر روونیکردەوە "بەڵام کاراکردنی ئەم جۆرە مەرجانە لەنێوان یانە فەرەنسییەکاندا قەدەخەیە".
 
هەروەها نووسیویەتی "ئەگەر هەیە ریال مەدرید هەمان ئەو گوشارە بەکاربهێنێت کە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێدا کردی بۆ رازیکردنی ڤیتینیا، بەڵام لە بەرامبەردا یانە پاریسییەکە نایەوێت تەنانەت بیر لە دەستبەرداربوون لە ڤیتینیا بکاتەوە".
 
تەنانەت ریال مەدرید هەوڵدەدات لە رێگەی خودی ئێمباپێیەوە ئەو یاریزانە هان بدات روو لە مەدرید بکات، کە زۆر لە چاودێران پێیانوایە باشترین کەس بۆ ئەوەی ببێتە شوێنگرەوەی تۆنی کرووسی ئەڵمانی لە ریال مەدرید، ڤیتینیایە، بەو پێیەی یاریزانە ئەڵمانییەکە بە رۆیشتنی بۆشاییەکی تەکتیکی گەورەی لە ریال مەدرید جێهێشتووە.
 
ڤیتینیا لە هاوینی 2022 لە یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالییەوە پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد و لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2029 نوێ کردەوە.
 
ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە یەکێکە لەو 9 یاریزانەی پاریس سانجێرمان کە بەربژێرن بۆ بردنەوەی باڵۆندۆری ئەمساڵ، ئەمەش دوای بەشداریکردنی لە بردنەوەی پێنج نازناوەکەی یانەکەدا، کە یەکێکیان بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا.