تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. مێرکاتۆی یانەی دهۆک کۆتاییهات


رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک بە گواستنەوەی دوو یاریزانی پیشەگەر، کۆتایی بە مێرکاتۆی هاوینەی هێنا و مەشق و ئامادەکارییەکانیشی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەردەوامن.
 
رۆژی دووشەممە، یانەی دهۆک گواستنەوەی جواو ڤیکتۆر کابرال، هێرشبەری بەرازیلی و ئیڤان نۆڤۆسێلێک، بەرگریکاری کرواتیی بۆ ریزەکانی راگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، ئەم دوو گرێبەستە دوایین دوو گواستنەوەی یانەی دهۆک دەبن بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی سوپەری عێراق.
 
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو جواو کابرال، هێرشبەری نوێی یانەی دهۆک بگاتە هەرێمی کوردستان و رۆژی چوارشەممە بەشداری لە مەشق و راهێنانەکانی یانەکەدا بکات.
 
ئەو هێرشبەرە لەسەر داوای سێرجیۆ فاریاس، راهێنەری یانەکە گرێبەستی لەگەڵ کراوە، لەکاتێکدا کارگێڕیی یانەی دهۆک سێ هێرشبەری خستبووە بەردەستی راهێنەر و فاریاس ئەو یاریزانەی بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی پێشەوەی یانەکەی یەکلاکردەوە.
 
جگە لەو یاریزانە، ئیڤان نۆڤۆسێلێک، بەرگریکاری کرواتی و پێشووی یانەکانی ئیستقلولی تاجیکستانی و پانجوبی هیندستانی پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی دهۆکەوە کرد.
 
بەرگریکارەکە تەمەنی 30 ساڵە، پێشتر لەگەڵ یانەی کۆپەری سلۆڤینی نازناوی جامی وڵاتەکەی بردووەتەوە و لەگەڵ یانەی ئیستقلول نازناوی خول، جام و جامی سوپەری بەدەستهێناوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، رۆژی چوارشەممە بەرگریکارەکە دەگاتە هەرێمی کوردستان و لە پیرمام پەیوەندی بە مەشق و راهێنانەکانی یانەکەوە دەکات.
 
یانەی دهۆک زیاتر لە هەفتەیەکە لە پیرمام لە یاریگەی یانەی ئارارات خۆی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادەدەکات، دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر هەڵبژاردەی خوار 20 ساڵانی عێراق ئەنجامداوە، یارییەکی بردووەتەوە و لە یارییەکدا یەکسانبووە.