بەرپرسانی نیوکاسڵ دەچنە ماڵی ئیساک لەپێناو رازیکردنی بەمانەوە لە یانەکە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، بەرپرسانی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی سوورن لەسەر مانەوەی ئەلیکساندەر ئیساک لە یانەکە، شاندێکی بەرپرسانی یانەکە سەردانی ماڵی ئەو یاریزانەیانکردووە لەپێناو هێشتنەوەیدا.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە، جیمی رۆبن، هاوبەشی خاوەندارێتی یانەی نیوکاسڵ، بەیاوەریی شاندێکی سندووقی وەبەرهێنانی سعودی، جوڵەی لەپێناو گۆڕینی ئاراستەی دۆسێیەکەی ئیساک دەستپێکردووە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، رۆبن و یاکۆبی سۆلیس، بەڕێوەبەری نیوکاسڵ، سەردانی ماڵی ئیساکیان کردووە لە ناوچەی نۆرسمبرلاند و لەگەڵی کۆبوونەتەوە.
کۆبوونەوەکە بەرلە یاریی نێوان لیڤەرپوول و نیوکاسڵ بووە کە دوێنی دووشەممە لە گەڕی دووەمی پرێمەرلیگ بەڕێوەچوو و لیڤەرپوول 3 - 2 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
رۆژنامەکان دەڵێن، شاندەکەی نیوکاسڵ داوایان لە ئیساک کردووە، بگەڕێتەوە بۆ مەشقەکانی تیپەکە، پاشئەوەی لەماوەی رابردوودا بەشداریی هیچ مەشقێکی نەکرد لەپێناو گوشار خستنە سەر یانەکە بۆ دەستبەرداربوونی و رۆیشتن بەرەو لیڤەرپوول.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، کارگێڕیی یانەکە ئامادەن گرێبەستەکەی ئیساک نوێ بکەنەوە و مووچەکەی زیادبکەن، ئەگەر بەبەردەوامبوون لە یانەکە رازی ببێت، بەڵام روون نییە هەڵوێستی یاریزانەکە لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی یانەکەوە چی بووە.
ئیساک لەماوەی پێشوودا لەرێگەی بڵاوکراوەیەکەوە، ویستی ئاشکرای خۆی بۆ رۆیشتن لە نیوکاسڵ راگەیاند، ئاماژەی بەوەدا کە کارگێڕیی یانەکە پێشتر بەڵێنیان پێداوە، ئەگەر دەستەوارەیەکی باشیان بەدەست بگات، رێگە بەرۆیشتنی دەدەن.
یانەی لیڤەرپوول، کڕیاری ئیساکە و پێشتر دەستەوارەی بەبڕی 110 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئیساک خستبووە روو، بەڵام نیوکاسڵ رەتیکردەوە.