سپۆرت: له زستاندا كۆتینیۆ ده‌چێته بارسا
رۆژنامه‌ی سپۆرتی كه‌تالۆنی، بۆمبێكی گه‌وره‌ی ته‌قانده‌وه له‌باره‌ی فلیپی كۆتینیۆی یاریزانی به‌رازیلی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی و رایگه‌یاند "كۆتینیۆ سووره له‌سه‌ر چوونه ریزه‌كانی بارسێلۆناو یانه كه‌تالۆنییه‌كه‌ش ئاماده‌یه گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ بكات".
به‌پێی راپۆرتێكی ئه‌و رۆژنامه‌یه، كۆتینیۆ و بارسا له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتوون له مێركاتۆی زستانه‌دا ئه‌ستێره به‌رازیلییه‌كه بچێته كامپ ن‌و، له‌و باره‌وه نووسیویه‌تی "بارسا له زستاندا ده‌سته‌واره‌یه‌كی دیكه پێشكه‌شی لیڤه‌رپوول ده‌كات بۆ گرێبه‌ستكردن له‌گه‌ڵ كۆتینیۆ، كه وا پێده‌چێت ئه‌مجاره ئه‌و هه‌وڵه‌ی به‌رپرسانی بارسا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبێنێت".
له‌و راپۆرته‌ی سپۆرتدا هاتووه "لیڤه‌رپوولیش رازی بووه ده‌ستبه‌رداری كۆتینیۆ بێت، ئه‌گه‌ر بارسا ده‌سته‌واره‌یه‌كی باش و شایسته‌ی پێشكه‌ش بكات". هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆتینیۆ ناتوانێت له چامپینزلیگدا یاری بۆ بارسا بكات، به‌ڵام یانه كه‌تالۆنییه‌كه نایه‌وێ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی له‌ده‌ست بچێت".
له مێركاتۆی هاوینه‌دا لیڤه‌رپوول 3 ده‌سته‌واره‌ی بارسای بۆ كڕینی كۆتینیۆ ره‌تكرده‌وه، بۆیه ئه‌و یاریزانه كه پێشتر یاخیبوونی له‌دژی یانه‌كه‌ی راگه‌یاندبوو، ناچاربوو له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوول ده‌ست به یاری بكاته‌وه‌و به‌شداری له چامپیۆنزلیگیشدا كردووه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌مساڵ بێجگه له لیڤه‌رپوول ناتوانێت بۆ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه له‌و پاڵه‌وانیه‌تییه‌دا یاری بكات.