کۆرتوا رازی نییە ئەلۆنسۆ لە کلاسیکۆدا بەشداری بە یاریزانێک بکات
رووداو دیجیتاڵ
تیبۆ کورتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید رەتیدەکاتەوە راول ئاسێنسیۆ وەک یاریزانی سەرەکی لە دژی بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا دەستپێبکات، چونکە متمانەی بە ئاستی نییە و بە چابی ئەلۆنسۆی گوتووە "تکایە یاری بە دین هاوسن بکە، تەنانەت ئەگەر بەتەواویش ئامادە نەبێت".
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، تیبۆ کورتوا بەئاشکرا ئارەزووی خۆی لای چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری نیشانداوە کە نایەوێت ئاسێنسیۆ یەکێک بێت لە یاریزانە سەرەکییەکانی ریال مەدرید لە دژی بارسێلۆنا و دووپاتیکردووەتەوە کە هەست ناکات لەو ئاستەدایە کە پێویستە بۆ دەستپێکردن لە یارییەکی گەورەدا.
کۆرتوا ئاماژەی بەوەداوە کە پێی باشترە پشت بە یاریزانێکی دیکە ببەسترێت یان چارەسەری جیاواز تاقیبکرێتەوە، ئەمەش گوزارشتە لەو گوشارە زۆرەی کە یانەکە بەهۆی نەبوونی چەند یاریزانێکی کاریگەرەوە دەیچێژێت.
ئاڵۆزییەکانی پێکهاتەی سەرەکی بۆ راهێنەری ریال مەدرید، چابی ئەلۆنسۆ زیاتر دەبن، بەتایبەتی لە هێڵی بەرگریدا، چونکە یانەکە بەدەست پێکانێکی زۆرەوە دەناڵێنێت. ئەنتۆنیۆ رودیگێر هێشتا ئامادە نییە بۆ بەشداریکردن، هەروەها دەیڤید ئالابا لە یاریی رابردوودا لە دژی خیتافی تووشی پێکانێکی نوێ بوو، ئەمەش وایکردووە بەشداری لە کلاسیكۆدا نەکات. ئەم نەبوونە بەهێزانە وای لە ئەلۆنسۆ کرد کە رائول ئاسێنسیۆ لە یاریی یوڤێنتوسدا بەشداری پێبکات، بەڵام یاریزانەکە ئاستی چاوەڕوانکراوی پێشکێش نەکرد، چونکە ئاستێکی لاوازی هەبوو و خاو و ناجێگیر دەرکەوت، سەرەڕای ئەزموونە زۆرەکەی لە وەرزی رابردوودا.
سەرەڕای ئەو متمانە زۆرەی کە کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری پێشوو بە ئاسێنسیۆی بەخشی لە وەرزی رابردوودا، کە وایلێکرد ئاستێکی باش پێشکێش بکات و لویس دی لا فوێنتی بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیای بکات، بەڵام هاتنی چابی ئەلۆنسۆ بۆ یانەکە دۆخەکەی بەتەواوی گۆڕی. ئەلۆنسۆ لە سەرەتای کارکردنی لەگەڵ یانەکەدا روونیکردەوە کە متمانەی بە ئاسێنسیۆ نییە وەک بژاردەیەکی سەرەکی، ئەمەش وایلێکرد کە تەنیا لە دۆخە هەستیارەکاندا بەشداری پێبکات.
ئەو سەرچاوانەی نزیک لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، باس لەوە دەکەن کە کۆرتوا بە ئەلۆنسۆی راهێنەری گوتووە هیوادارە یاری بە دین هاوسن بکات نەک ئاسێنسیۆ تەنانەت ئەگەر هاوسن سەدا سەد ئامدەش نەبێت و پێیگوتووە "دەبێت هاوسن لەگەڵ میلیتاو یاری بکات نەک ئاسێنسیۆ، من متمانەی زیاترم بە هاوسنە".