میران خەسرەو بەهۆی چەند کێشەیەکەوە یانەکەی بەجێهێشت
رووداو - هەولێر
میران خەسرەو، یاریزانی کوردی یانەی سوحاری عومانی یانەکەی بەجێهێشت.
میران لەلێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ پەیوەندییەکی بە یانە عومانییەکەوە نەماوە و بەهۆی چەند کارێکی تایبەتی خۆی ریزەکانی ئەو یانەیەی بەجێهێشتووە.
یاریزانە کوردەکە لە مانگی هەشتی رابردووەوە لە یانەی هەولێر چووە یانەی سوحاری عومانی، لە یانەکەدا ئەو یاریزانە بەدرێسی ژمارە 10 یارییدەکرد و یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی یانەکە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکی تایبەتی یاریزانەکە مانەوەی میران لەگەڵ یانەکە تەنیا 3 مانگی خایاند.
میران خەسرەو یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی باشووری کوردستانە، پێشتر لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ، شورتە لە خولی عێراق و یانەی شیمالی قەتەری لە پلە یەکی قەتەر یارییکردووە.
بەشێکی هاندەرانی یانەی هەولێر لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە داوا لە یاریزانەکە دەکەن، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە یانەکە بۆ یارییکردن لە خولی عێراقدا.